مەسعود بارزانی: دادگای فیدراڵی جێگەی دادگای شۆڕشی گرتووەتەوە

964+

هێمن بەکر

مەسعود بارزانی دادگای فیدراڵی عێراقی چواند بە دادگای شۆڕشی حزبی بەعس و دەڵێت، هەرکاتێک کەشەکە ئەرێنیی بێت، بە بڕیارێک تێکیدەدات.

دادگای شۆڕش لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق بۆ شەرعیەتدان بە بڕیارەکانی حزبی بەعس پێکهێندرابوو، هەر کەس و لایەن و بابەتێک ئەو حزبە بە دڵی نەبووایە، ئەوا لەو دادگایەوە بڕیاری لەسەر دەدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی “جێگەی سەرسوڕمانە هەركات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگای فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەباربردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجێندایەكی گوماناوی جێبەجێدەكات و جێگەی دادگای شۆڕشی رژێمی پێشووی گرتووەتەوە”.

ئەم قسانەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی گشت ئەو بڕیارانەی لە ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو سەبارەت بە ناردنی پارە بۆ هەرێم دەرکرابوون.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵای مستەفا سەند بووە، کە پەرلەمانتارێکی پارێزگای بەسرەیە لە پەرلەمانی عێراق.

مەسعود بارزانی لە راگەیەندراوەکەیدا داوای لە لایەنە پێکهێنەکانی حکومەتی ئێستای عێراق کردووە، هەڵوێستی خۆیان نیشانبدەن لە دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی.

دادگەی فیدراڵی عێراق لە نۆ ئەندام پێکهاتووە، کە دوو لە دادوەرەکان کوردن، هەروەها دادگاکە سێ ئەندامی یەدەگیشی هەیە.