نووسینگەی راپەڕین بڵاویکردەوە
لە پێنج حاڵەتدا مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆڕت ببەنە سلێمانی
964+
ئەحمەد مستەفا
پاسپۆرتی سلێمانی پێنج حاڵەتی بۆ هاوڵاتیانی سنووری راپەڕین، پشدەر و قەڵادزێ و هاوڵاتی نیشتەجێی دەرەوە دیاری کرد، تا لە بری نووسینگەی پاسپۆت لە راپەڕین سەردانی ئەوان بکەن لە سلێمانی.
حاڵەتەکان بۆ ئەوەیە، لەبری مامەڵەکانیان لە نوسینگەکە بۆ بکرێ، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پاسپۆڕت لە سلێمانی خۆی بۆیان دەکات.
حاڵەتەکانیش ئەم هاوڵاتیانە دەگرێتەوە:
1- ئەو هاوڵاتییانەی باری تەندروستیان ناجێگیرە و لە نەخۆشخانە داخڵ کراون.
2- ئەو نەخۆشانەی نوسراوی فەرمی بە زمانی عەرەبی دەهێنن لە بەشی کارگێڕیی نەخۆشخانەکان، وە جۆری نەخۆشییەکەیان مەترسیدارە و پێویستییان بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات.
3- برینداریی راژەی سەربازی.
4- خاوەن پێداویستیی تایبەت و نەخۆشیی بەرچاو ، پێویستە وێنەیان بگیرێت و سکان بکرێت.
5- هاوڵاتیانی نیشتەجێ بووی دەرەوەی عێراق و کوردستان کە هەڵگری پاسپۆرتیی بیانین.
ئەگەر بتەوێت سەرە بگریت بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی، پێویستە بارکۆدێک سکان بکەیت، ئەگەرنا دەبێت 100 هەزار دینار رسومات بدەیت، بارکۆدەکە دەتباتە سەر وێبسایتێک کە رۆژەکانی هەفتەی تێدایە، هەر رۆژێکت بوێت بۆ سەرەگرتن، دەتوانیت هەڵبژێریت تا ئەو رۆژە بچیت بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتەکەت.
جگە لە بڵاوکردنەوەی ئەو رێنماییانە، عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە 964ـی وت، “سەرەگرتن لە رێگەی بارکۆدەکە زۆر ئاسانە و ئیشی پێنج خولەکە، کاتێک رۆژ و کاتژمێری سەرەگرتن هەڵدەبژێریت، نامەیەک دێتەوە بۆ مۆبایلەکەت و پێت دەڵێت تۆ فڵان رۆژ و کاتژمێرت هەڵبژاردووە”.
سەرەگرتن لە شەوى پێنجشەممە لەسەر هەینى بەدواوە، لە دواى کاتژمێر 9:00ـى شەو دەستپێدەکات، پێشتر هاوڵاتیان روویان دەکردە دوکانەکان و نووسینگەکان بۆ سەرەگرتن، پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، “پشت بە ئەو شێوازە مەبەستن، چونکە 100 هەزار دیناری تێدەچێت”..