به‌شێك له‌ قوتابیانى سۆران لەناو كابینە و خانووى قوڕدا دەخوێنن

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌قسه‌ى به‌رپرسێكی باڵاى په‌روه‌رده‌ى سۆران، له‌سنووره‌كه‌یاندا  جگه‌ له‌وه‌ى نزیكه‌ى 100 قوتابخانه‌ له‌ناو كابینه‌دان، هه‌شیانه‌ سه‌ربانه‌كه‌ى قوڕه‌و مه‌ترسی روخانیان له‌سه‌ره‌، قوتابخا‌نه‌شیان هه‌بووه‌ دڵۆپه‌ى ئاوى كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و داتایه‌ى كه‌ تۆڕى964 له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى سۆران ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌سنوورى ئه‌و ئیداره‌یه‌دا 648 قوتابخانه‌ى لێیه‌ كه‌ نزیكه‌ى 100 دانه‌یان له‌ناو كابینه‌و خانووى قوڕ دان، له‌وانه‌ش په‌روه‌رده‌ى سۆران 280 قوتابخانه، مێرگه‌سوور 184 قوتابخانه، چۆمان 105 قوتابخانه و رواندزیش 79 قوتابخانه.

ئاكارا ئه‌لیشا كه‌بۆ، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى ئیداره‌ى سۆران، بۆ تۆڕى964 ـى دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ له‌ سنووره‌كه‌یان نزیكه‌ى 100 كابینه‌ هه‌یه‌ له‌ بری قوتابخانه‌ ده‌رسی تێدا ده‌خوێندرێ.

ئه‌و ده‌ڵێ، ماوه‌ى دوو مانگه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى سۆران له‌و ئیداره‌یه‌ كراوه‌ته‌وه و له‌و ماوه‌یه‌شدا ته‌نها خه‌ریكی رووپێوى سنووره‌كه‌یان بوونه‌، بۆئه‌وه‌ى بزانن كێشه‌كانى سستمى په‌روه‌رده‌ چین. ‌

وتیشی “بۆ ئه‌مساڵ پلانێكمان هه‌یه‌، هه‌رچی قوتابخانه‌كانى ناو كابینه‌كان هه‌ن یان ئه‌و قوتابخانانه‌ى كه‌ سه‌ریان قوڕه‌ ده‌رخسته‌یان بۆ كراوه‌ كه‌ ده‌ستكارییان بكرێ، كه‌له‌ هه‌ر چوار به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌شمان ئه‌و جۆره‌ قوتابخانانه‌ى ناو كابینه‌مان هه‌ن”.

ئاماژه‌ به‌ قوتابخانه‌یه‌ك ده‌كات‌ به‌ناوى ره‌شه‌گۆم كه‌ ده‌ڵێ “به‌ كه‌ره‌ڤان دروستكراوه‌، به‌هۆى خراپییه‌وه‌ ئاوه‌ ده‌هاته‌ ‌ناو قوتابخانه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌مان چاره‌سه‌ركرد”.

ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ قوتابخانه‌یان هه‌یه‌ له‌ناو كابینه‌دایه ‌و ته‌نها سێ قوتابی هه‌یه‌، هه‌شیانه‌‌ زیاتر له‌ 70 قوتابی تێدایه، وتیشی “قوتابخانه‌ش له‌و سنووره‌ى ئێمه‌ هه‌یه‌ له‌ كه‌ره‌ڤان خراپتره‌و مه‌ترسی رووخانى له‌سه‌ره‌”.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و داتایانه كه‌ تۆڕى964 وه‌ریگرتوون‌، سنوورى ئیداره‌ى سۆران له‌ڕووى میلاكی په‌روه‌رده‌وه‌‌ 4648 میلاكی هه‌یه‌ و 3843 وانه‌بێژ‌، كه‌ په‌روه‌ر‌ده‌ى سۆران 2515 میلاك و 1722 وانه‌بێژه‌كان، مێرگه‌سوور 866 میلاك و 1213 وانه‌بێژ، چۆمان 612 میلاك و 639 وانه‌بێژ، رواندز 655 میلاك و 269 وانه‌بێژ.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى سۆرانیش ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ته‌واوى ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ى له‌ سنوره‌كه‌یان بۆ سستمى په‌روه‌رده‌ هه‌یه‌ سه‌رووى خۆیان ئاگادار كردۆته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ده‌شڵێ “سه‌رۆكى حكومه‌تیش به‌و كێشانه‌ى سنووره‌كه‌مان ئاگاداره.