بۆ ساڵێكی دیكە

پەروەردەی عێراق “فەرمانبەرە زیادەكان”ی لە كوردستان دەهێڵێتەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزیری پەروەردەی عێراق رێنمایی دەرکرد، بارودۆخی کارمەندە زیادەكانی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن و یەکلایی بکرێنەوە، بۆ ئەمەش ساڵێكی دیكە مۆڵەتیاندان هەر لە كوردستان بمێننەوە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە كردووە، “ئیبراهیم نامیس ئەلجبوری وەزیری پەروەردە راسپاردەی هێشتنەوەی ئەو کەسانەی کردووە کە لە نوێنەرایەتییەکانی وەزارەت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک بمێننەوە، بۆ ئەوەی دەرفەتیان پێبدرێت بارودۆخی کۆمەڵایەتییان رێکبخەنەوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەو راسپاردە لە وەڵامی ئەو بانگەوازانەدا هاتووە کە پێیان گەیشتووە سەبارەت بە ئامادەنەبوونی ئەو كارمەندانە بۆ گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانیان یان گواستنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە نەینەوا و کەرکوک، بۆ ئەوەی قوتابخانەکان بە پۆستی بەتاڵ نەمێننەوە، هەروەها بۆ دابینکردنی ستافی کارامە کە كار لەسەر ئەوە بكەن قوتابیان بۆ خوێندن كەمەندكێش بكەن و خوێندن جێنەهێڵن”.

بەپێی راگەیاندراوەكە، وەرزی پەروەردە رێنمایی بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی ستافی زیادە بە شێوەیەکی رێژەیی و پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی قوتابخانەکانی سەر بە هەرێمی كوردستان دەركردووە.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “وەزیری پەروەردە رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی فەرمانبەرانی بەشەكانی هەولێر، سلێمانی، و دهۆک دەربڕی، وەك جێبەجێکردنی بڕیاڕی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ژمارە (24043)ی ساڵی (2024)، بڕگەی (16)، کە بریتییە لە داخستنی نوێنەرایەتییەکان و گۆڕینیان بۆ بەشەکان.

964 پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق كەریم سەید كرد بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، بەڵام پەیوەندییەكە حاسڵ نەبوو.

بە پێی ئەو ئامارانەی دەست 964 كەوتووە، لە شوباتی رابردوو كاتێك بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتیی پەروەردەكانی عێراق لە كوردستان درا، كە قوتابیانی ئاوارە تێیدا دەخوێنن، ژمارەی قوتابخانەكان 379 قوتابخانە بوون و 148 هەزار قوتابییان لەخۆگرتووە.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق: ئەوەی قسە بکات سزا دەدرێت

وەزارەتی پەروەردەی عێراق: ئەوەی قسە بکات سزا دەدرێت