هەر پاسێکی 60 نەفەر دەگرێت
هێڵی پاسە 24 کاتژمێرییەکەی شەستیی سلێمانی بودجەی پێویستە
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
پڕۆژەیەک بۆ دانانی هێڵی پاسی 24 کاتژمێری بۆ شەقامی 60 مەترییەکەی سلێمانی هەیە، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دابینکردنی بوودجە وەستاون.
پڕۆژەکە بریتیی دەبێت لە دابینکردنی پاسی مۆدێرن و گەورە کە نزیکەی 60 نەفەر دەگرن و بە شێوەی 24 کاتژمێری بەسەر شەقامی شەست مەتریدا دەسووڕێنەوە.
سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، پڕۆژەکە ئامادەیە و چاوەڕێی بودجەین دابین بکرێت و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
وتیشی، “گرنگی ئەو پڕۆژە کەمترکردنەوەی ئۆتۆمبێلی تایبەت و قەرەباڵغییە، هەروەها پاکڕاگرتنی ژینگە و سوود گەیاندنە بە هاوڵاتیان لە رووی ئابوورییەوە تا کەمتر ئۆتۆمبێلی خۆیان بەکاربهێنن”.
بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی پێشنیار دەکات کە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەتوانن پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن و پێشی وایە کەرتی تایبەت دەتوانێت پڕۆژەکە بە کوالێتی باش ئەنجام بدات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی