تا ئێستا شوێنێکی نییە بۆ فڕێدانی پاشماوەکانی

تەقتەق خەریکە ژێر زبڵ و خاشاک دەکەوێت

+964

گۆڤەند فەتاح – تەقتەق

لە ماوەی رابردوودا ئیدارەی تەقتەق شوێنێکی نوێیان دەستنیشانکرد بۆ زبڵخانە کە دەکەوێتە ناوچەی کەوردیان لەسەر رێگەی تەقتەق – سێگردکان، بەڵام خەڵکی نزیک ناوچەکە لە شوێنەکە ناڕازیبوون، بۆیە ئێستا تەقتەق بێ زبڵخانەیە و زبڵ و پاشماوەی شارەکە بەشێکی لە شەقامەکان فڕێ دەدرێت و بەشێکی دیکەشی لە رێگەی ئۆتۆمبێلەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆیە.

نەمر نیاز، سەرۆکی شارەوانیی تەقتەق، بە 964ـی وت، لەبەر مەترسی بۆ سەر ژینگە و هەوای شارەکە، شوێنی کۆنی زبلخانە، کە لە تەنیشت عەلوەی تەقتەق بوو، گوازرایەوە بۆ کەور دیان، دوای چەند رۆژێک لە فڕێدانی زبڵ لەو شوێنە، بەڵام خەڵکی ئەو ناوچەیە ناڕازیبوون لە دانانی زبڵخانە لەوێدا، بە هۆکاری ئەوەی سوود لەو زەوییە وەردەگرن بۆ ئاژەڵەکانیان و نایانەوێ بکرێتە زبڵخانە.

سەرۆکی شارەوانیی تەقتەق وتیشی، ”بە هاوکاری هۆبەی تاپۆ و هۆبەی کشتوکاڵی تەقتەق دەمانەوێ پارچە زەویەکی نوێ دەستنیشان بکەین، بەڵام تا ئێستا شوێنێکی گونجاومان نەدۆزیوەتەوە بۆیە زبڵی رۆژانە فرێدەدرێتە شەقامەکان و بەشێکی تریشی کە لە لایەن کۆمپانیای خزمەتگوزارییەوە کۆدەکرێتەوە دەبرێتە شاری کۆیە فڕێدەدرێت”.

لە شاری تەقتەق بە هۆکاری ئاوی زێی بچووک، زۆربەی زەوییەکانی ئەو ناوچەیە کراون بە کشتوکاڵ و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ و حەوزی ماسی، بۆیە دیاریکردنی زەوییەک بۆ فڕێدانی زبڵ و پاشماوە، کارەکانی ئیدارەی تەقتەقیان قورس کردووە و تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

 لە تەقتەق شوێنێک نییە بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاک

 لە تەقتەق شوێنێک نییە بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاک