بارهەڵگرێکی هاوکاریی هاوپەیمانان. فۆتۆ:وەزارەتی پێشمەرگە
بەیانیش هاوکاری داراییان پێدەدەن
هاوپەیمانان تۆپی “هاویتزەر”ـیان دایە پێشمەرگە
964+
ژووری هەواڵ
هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ژمارەیەک تۆپی “هاویتزەر”ـیان پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و لە مەراسیمێکدا رادەستی هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک و دووی وەزارەتی پێشمەرگە کران.
ئەمڕۆ سێشەممە 6.8.2024، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، کاروانێکی دیکەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان گەیشتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە کە خۆی دەبینیەوە لە ژمارەیەک تۆپی “هاویتزەر”.
لە مەراسیمی وەرگرتنی هاوکارییەکان، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی هاوپەیمانان بە بەردەوامی پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی دەکەن کاریگەری هەیه لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
وەزیری پێشمەرگەوە ئەوەشی وت، “ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی نادیار دەڕوات و ئەگەر هەڕەشەیەک رووی کردە وڵاتەکەمان، دەبێت بە یەک دەنگی و یەک سەنگەری رووبەڕووی ببینەوە”.
هەر لەو رێوڕەسمەدا، مارک سترۆ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان وتی، ئەم جۆرە چەکە دەبێتە مایەی پتەوکردنی توانا سەربازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی گشتی و بەزاندنی یەکجارەکی داعش.
بە گوێرەی زانیاریەکانی 964، بڕیاریشە سبەی ئەو هاوکارییە داراییە بدرێت بە هێزەکانی پێشمەرگە کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆیان دابیندەکرێت.