حکومەت 100 ملیار دینار قەرزداریانە
بەڵێندەرانى سلێمانى هاواریان لێ هەڵساوە و هۆشدارى دەدەن
964+
دیلان محەمەد جەزا -سلێمانی
بەڵێندەرانى سلێمانى دادوبێدادیانە بەدەست حکومەتەوە و بەشێکیان وازیان لە بەڵێندەرایەتى هێناوە، حکومەت 100 ملیار دینار قەرزداریانە و ئەوانیش چاوەڕێن بۆیان خەرج بکرێت.
دوێنێ دووشەممە، نوێنەرى یەکێتی بەڵێندەرانی سلێمانی سەردانی بانکی هەرێمیان کردوە و بەڵێنی خەرجکردنی پارەیان پێدراوە.
ژین عەبدوڵا وتەبێژی یەکێتی بەڵێندەرانی سلێمانی بە 964ـى وت، لەلایەن بانکەکەوە بەڵێنیان پێدراوە لە ماوەی سێ رۆژدا لیژنەیەک پێکبهێندرێت بۆ خەرجکردنی پارەی پرۆژەکانی ساڵی 2014ـى ئەو بەڵێندەرانەی سودمەند نەبون.
ئاشکراشى کرد، نزیکەی 100 ملیار دیناری بەڵێندەرانی سلێمانی لای حکومەتی هەرێمە و زۆرێک لە بەڵێندەران بەهۆی خەرجنەکردنی پارە وازیان لە کاری بەڵێندەری هێناوە.
ئەوەشى خستەرو، رۆژانە دەیبیستن بەڵێندەر هەرێمی کوردستان جێدەهێڵن و دەچنە دەرەوە بۆ ئیش و کار یان یان ئیفلاس دەکەن، هەموو پەیوەستە بەوەى کە پارەیان بۆ خەرج ناکرێت.
پارەى ئەو پڕۆژانەى لاى حکومەتە پارەى هەموو ئەو پڕۆژانەن کە هى حکومەتە و لەلایەن بەڵێندەرانەوە جێبەجێکراوە وەک پڕۆژەى پرد و رێگاوبان و دامەزراوەى حکومى و چەندین پڕۆژەى دیکە.
پێشتر و لە مانگى شوباتى ئەمساڵ، رزگار جەمال سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەران بە 964ـی وتبوو،” لە ساڵی 2014ـەوە نزیکەی دوو هەزار و 500 پڕۆژەمان وەستاون و بەشێکیان کەوتوونەتەوە ئیش و زۆرینەیان هەر وەستاون، هۆکارەکە قەیرانی دارایی بووە و حکومەت پارەی نەداوینەتێ”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح