"تەقینەوەکە لەناو کورەدا بووە"

عوسمان زیندانی چۆنێتی گیانلەدەستدانی کرێکارەکەی کارگەی توانەوە ئاسنەکە دەگێڕێتەوە

964+
ئەحمەد محەمەد- سلێمانی

سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لە سلێمانی، زانیاری نوێ لەسەر رووداوی گیانلەدەستدانی کرێکارێکی تەمەن 52 ساڵ لە کارگەی تواندنەوەی ئاسنی دەربەندیخان باس دەکات و دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی کەرەستەیەکی نامۆ لە ناو کوورەی تواندنەوەکەدا بووە.

عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لە سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 رایگەیاند، ئەو کرێکارە لە کاتی راپەڕاندنی کارەکانیدا لە کارگەی تواندنەوەی ئاسن لە دەربەندیخان، دووچاری ئەو رووداوە بووە، بەپێی بەدواداچوونەکانمان، کۆمەڵێک پاشماوەی جۆراوجۆری ئاسن، ستیل و کەرەستەی پیشەسازی خراونەتە ناو کوورەی تواندنەوەکەوە، کە پێدەچێت کەرەستەیەکی تەقینەوەی تێدابووبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەرەستە نامۆیە لەژێر کاریگەری پەستان و گەرمی زۆری ناو کوورەکەدا تەقیوەتەوە و پارچەیەک لەو تەقینەوەیە بەر کرێکارەکە کەوتووە، کە بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

سەرۆکی سەندیکاکە جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە کارگەکانی هاوشێوە ئامێری پێشکەوتووی پشکنینیان هەبێت بۆ پشکنینی سەرجەم ئەو ئاسن و کەرەستە کۆنانەی دێنە کارگەکە، تا دڵنیابن لەوەی هیچ ماددەیەکی مەترسیدار یان تەقەمەنییان تێدا نییە پێش ئەوەی بخرێنە ناو کوورەکانەوە.

سەبارەت بە دۆخی خێزانی کرێکارە کۆچکردووەکەش، عوسمان زیندانی وتی، کرێکارەکە خێزاندار بووە، دوای رووداوەکە، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە بۆ رێکارە یاساییەکان و دواتر ردەستی کەسوکاری کراوەتەوە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح