دەستەیەک سەردانیان کردوون
یەکێتی ئەوروپا: فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی پەیوەندییان زیاتر پتەوبکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
دەستەی راوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، لە پەراوێزی کارەکانی ئاڵوگۆڕە شارەزاییەکان بۆی دەرکەوتووە، “پەیوەندییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی پێویستیان بە پتەوکردنی زیاترە”، ئەمڕۆش ئەو رایەی بە فەڕمی راگەیاندووە.
دەستەکە، سەردانی بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایان لە بواری گواستنەوە و ئالیەتی کارکردن لە ستراتیجی بەڕێوەبردنی سنوورەکان رێکخستووە، جگە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ سەردانی هەردوو فڕۆکەخانەی بەسڕە و بەغدا- یان کردووە، داواکارییەکەشیی لەو چوارچێوەیەدا بووە.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 5.8.2024، وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە، دەستەی راوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا – EUAM لە عێراق، لە چالاکییەکی ئاڵوگۆڕی شارەزاییەکان بە تیمێک لە بارەی هەماهەنگیی نێوان هەردوو فڕۆکەخانە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانیان کردوون و گفتوگۆ کراوە.
راوێژکاری ستراتیجیی بەڕێوەبردنی سنوورەکان لە دەستەی راوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە بارەی سەردانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر وسلێمانی رایگەیاندووە، “دوای یەکەم چالاکیی ئاڵوگۆڕکردنی شارەزاییەکان لە ئەمساڵدا، بۆمان دەرکەوت کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو فڕۆکەخانەکە پێویستییان بەوەیە زیاتر پتەوبکرێت”.
دەستەکە پشتگیریی عێراق دەکات لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ستراتیژێکی نیشتمانیی بەڕێوەبردنێکی یەکخراو لە سنوورەکاندا بە تایبەت سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ تورکیا، ئێران، کوەیت، سعودییە، ئوردن و سوریا و تایبەتمەندیی و ئاڵنگارییەکانی، راوێژکارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “ستراتیژی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی یەکخراوی سنوورەکان هاوبەشیی دەکات لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ سنوورەکان، بەمەش مەترسیی گرژیی وململانێکانی پەیوەست بە کێشە سنوورییەکان کەمدەبنەوە”.
“هەروەها ستراتیژی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی یەکخراوی سنوورەکان رۆڵێکی سەرەکیی دەبینێت لە رێگرییکردن لە دزەکردنی گروپە توندڕەوەکان و بە قاچاخ بردنی چەک وبازرگانییکردن بە کاڵای نایاساییەوە، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی”، ئەوەش بە قسەی هەمان راوێژکار.
لە ئەجێندای کار دەستە راوێژکارییەکەدا ئەوە باسکراوە، “ئامانج لە زنجیرە سەردانەکان، گفتوگۆ بووە بۆ دەسەڵاتە بەرپرسیارەکانی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی فڕۆکەخانە تایبەتەکان بۆ کاری ئاڵوگۆڕکردن، لە پاشخانی زیادبوونی قەبارەی هاتوچۆدا، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی مۆڵەتی نشینگە و پاسپۆرت باسیان لە ئەزموونەکانی ژینگەی کارکردنی خۆیان کرد و دەرفەتەکانیان بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان دەستنیشان کردووە، جگە لەوەش راوێژکارە باڵاکانی ستراتیژیی EUAM عێراق باشترین پراکتیزە نێودەوڵەتییەکانی ئێستایان خستووەتەڕوو”.
دیمەنی سەردانی دەستەی راوێژکارییەکە بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی _ وێنە: EUAM Iraq