رێگای هەرێم و بەغدا بەیەک دەبەستێتەوە

پردە رووخاوەکەی داقوق چاککرایەوە


سیروان خورشید – دوزخورماتوو

پردی داقوق کە رێگەیەکی سەرەکییە و کەرکوک بە بەغدا دەبەستێتەوە، ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە دیوێکی پردەکە بەھۆی داڕووخانەوە ئاستەنگی بەردەوامی بۆ دیوەکەی دیکە پردەکە دروستکردبوو.

ئەندازیار عەبدولحوسێن عەبدلموحسین، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیا و بەرپرسی هەوڵی خزمەتگوزاری رێگاوبانەکان بە964ـی وت، “هەرچەندە رێگاکە ماوەیەکی زۆر بوو بەهۆی سیولەی داراییەوە داخرابوو، بەڵام توانیمان سەرجەم کارەکانی تەواو بکەین و ئێستا %99 کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بوون، لە قۆناغی قیرتاوکردندایە و دوای تەواوبوونی راستەوخۆ رێگاکە دەکرێتەوە.

وتیشی، بەشێکی پردەکە، کە رووخاو بوو، لە جێگەی ئەوەوە پردێکی نوێمان دروستکرد و تێچووی چاککردنەوەی پردەکە بڕی پێنج ملیار و 250 ملیۆن دینار بووە”.

لە مانگی پێنجی ساڵی 2023ـەوە دەست بە چاککردنەوەی پردەکە کراوە، پێویست بوو لە ماوەی 250 رۆژدا کارەکانی تەواو کرابایە و پردەکە بەڕووی ھاتوچۆدا کرابایەوە، بەڵام ماوەی زیاتر لە 150 رۆژ تێپەڕیوە بەسەرئەو وادەیەی کە لەسەرەتادا دیاریی کرابوو.

پردەکە، لە سەرەتای ساڵی 2019 بەھۆی بارانی بەھێز و زۆریی لۆدی بارھەڵگرەکان داڕووخا و ھاتوچۆ لە دیوێکی پردەکە راگیرا، ئەمەش ببووە کێشەیەکی سەرەکی بۆ ئەو شۆفێرانەی کە بەو رێگە ستراتیژییەدا تێپەڕدەبوون و رۆژانە و بە بەردەوامی بۆ چەندان کاتژمێر شۆفێران لە قەرەباڵغی و چاوەڕوانیدا دەمانەوە، تا لە پردەکەی دیکە دەپەڕینەوە، بە کردنەوەی پردە نوێیەکە، ھاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوە و قەرەباڵغی و لۆد لەسەر رێگاکە نامێنێت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر