چیرۆکێکى نەبیستراوى رووداوى نقومبوونى یەختەکەى کۆچبەران
“لە کاتى نقومبوونى یەختەکەدا خوشکەکەم ژانى منداڵبوون گرتبووى”
964+
محەمەد عەلى- قەڵادزێ
ئەمڕۆ، تەرمى ئارام و خونچەى هاوسەرى گەیشتنەوە قەڵادزێ کە لە رووداوى نقومبوونى یەختەکەى کۆچبەران خنکابوون، بەڵام چیرۆکێکى نەبیستراو لە پشت خنکانى ئەو دوو هاوسەرە و منداڵەکانیانەوە هەیە.
لە رۆژی 16.6.2024 یەختێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا نوقمبوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە تەرمى 12 کەس لەو کۆچبەرانە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە رادەستی کەسوکاریان کرانەوە.
چیرۆکێکى نەبیستراو و تراژیدى لە پشت رووداوەکەوە هەیە، حەسەن مەلا نەبى براى خونچە کە یەکێک لەو کۆچبەرانەى لە رووداوى نقومبوونى یەختەکە لەگەڵ ئارامى هاوسەرى و دوو منداڵى و کۆرپەکەى ناوسکى گیانیان لە دەستدا، چیرۆکێکى نەبیستراوى رووداوەکە بۆ 964 دەگێڕێتەوە.
بە وتەى حەسەن مەلا، لە کاتى نقومبوونى یەختەکەدا خوشکەکەى ژانى منداڵبوون گرتوویەتى و خەریکى ئەوە بووە منداڵى ببێت، براى خونجە ئەو حاڵەتە بە تراژیدى و کارەسات وێنا دەکات.
وەک باسى دەکات، لە رووداوەکەدا، جگە لە خونچە هەردوو منداڵەکەی و کۆرپەکەى ناوسکى گیان لەدەست دەدەن و دواتریش ئارامى زاوایان لە تاو بینینى ئەو کارەساتە جەڵتە لێى دەدات و گیان لەدەست دەدات.
ئەمڕۆ، تەنیا تەرمى خونچەو ئارام گەیشتنەوە پشدەر و لە قەڵادزێ بەخاک سپێردران.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح