چۆن و چى روویدا؟

10 ساڵ بەسەر داگیرکردنى شەنگال و کۆمەڵکوژیى ئێزدییەکاندا تێدەپەڕێت

964+

وریا فەتاح

10 ساڵ لەمەوبەر و لە سێى ئابى 2014، لەلایەن چەکدارانى رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى (داعش)، شەنگال کە مەڵبەندى ئێزدییەکانە داگیرکرا و زیاتر لە 350 هەزار کچ و ژن و پیاو و منداڵى ئێزدى، ئاوارە بوون و ژمارەیەکى زۆریان رفێندران، بەشێوەیەک ئێستاشى لەگەڵ بێت نزیکەى 2500 ئێزدى کە زۆرینەیان کچ و ژنن، بێسەروشوێنن.

هێشتا خۆر لەسەر  چیایێ شنگالێ دەرنەکەوتبوو، شارەکە داگیرکرا

هێشتا خۆر لەسەر چیاى شەنگال دەرنەکەوتبوو، لە بەرەبەیانییەکى زووى 3ـى ئابى 2014، شەڕ لە نێوان هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان و چەکدارانى داعش لە سنوورى شەنگال روویدا و دواتریش قەزاى شەنگال و دەورووبەرى کەوتنە چنگ چەکدارانى داعش و سەدان هەزار کچ و ژن و منداڵ و بەساڵاچووى کۆمەڵگەى ئێزدیایەتى، ناچار بە ئاوارەبوون کران.

کاتژمێر 10ـى ئەو رۆژە قەزاکە بەتەواوەتى کەوتە بن دەستى داعش، بەشێکى زۆر لە دانیشتوانى قەزاکە بەرەو دهۆک رایان کرد و بەشێکیش کە تا ئەو کاتە نەیانزانى چى روویداوە لە شارەکە مانەوە و کەوتنە دەست داعش و بەشێکى دیکەش پاڵیاندایە چیاى شەنگال.

لەو رۆژەدا جگە لە شەنگال، ناحیەى سنونێ و کۆمەڵگەکانى گرد زەرگ و شیپا شێخ خدر کەوتنە بن دەستى داعش. دواتریش هەریەک لە ناحییەکانى رەبیعە و زوممار لەلایەن داعشەوە داگیرکران و هێزی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانی دیکە لەو ناوچانە پاشەکشەیان کرد.

داعش بەوەوە نەوەستا و تا نزیک هەولێر جوڵەى کرد و گەیشتنە مەخمور و گوێر و خازر کە سێ دەروازەن بەرەو هەولێر دێن، بەڵام لەوێوە ئەمریکا هاتە سەرهێڵ و گورزى کاریگەرى لێدان و پێشڕەوییەکانیان وەستێندرا.

دیمەنەکانى ئەو رۆژەى شەنگال تراژیدى و کاریگەرن، کوردانى ئێزدى سەرگەردان بوون و هاوشێوەى کۆڕەوەکەى باشوورى کوردستان کچ و ژن و منداڵ و پیاو و بەساڵاچوو، بەرەو پەناگە و شاخەکان رایان دەکرد، هەر بۆیە ئەم دیمەنانە بوونە هۆى راکێشانى سۆزى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و پشتگیریکردنى زیاترى هێزى پێشمەرگە لە رووبەڕووبونەوەى داعشدا.

ئەو ئێزدیانەى رێگاى شاخیان هەڵبژارد تا چەند رۆژێک نەتوانرا هاوکاریان پێبگات، بۆیە بەشێکیان توشى نارەحەتى زۆر بوونەوە و دەوترێت خەڵکانێک هەبووە گیانیان لەدەستداوە، چونکە هێڵى بەیەکەوە بەستنى چیاى شەنگال و هێزەکانى پێشمەرگە پچڕابوو و دواتر لە رێگەى هێلیکۆپتەرەوە یەکەم کاروانى هاوکارى مرۆیى گەیەندرایە سەر چیاى شەنگال و دواتریش لە رێگەى دەرچەیەکەوە بەشێکى زۆرى خەڵکى سەر چیاکە رزگارکران.

بەوتەی بەرپرسانی تایبەت بە کاروباری ئێزیدیان سەرجەم ئەو کەسانەی ئاوارە بوون زیاتر لە 325 هەزار کوردی ئێزدیی بوون، بەپێی ئاماری نوسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی کە سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، “بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون”.

هەر بەپێی ئامارەکە، نوسینگەی رزگارکردنی کوردانی رفێندراوانی کوردانی ئێزدیی، “شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و 458 کەسیان رزگارکراون و زیاتر لە دوو ھەزار و 600 رفێندراوی دیکەیش ھێشتا بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە”.

11ـى تشرینى دووەمى 2015، ئۆپەراسیۆنێکى گەورە کە پێشمەرگە و شەڕڤانان و فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان بەشداریان تێداکرد، بۆسەر شەنگال ئەنجامدرا و رۆژى 13ـى هەمان مانگ و دوو رۆژ دواى ئۆپەراسیۆنەکە، هێزى پێشمەرگە گەیشتە ناوەڕاستى قەزاکە و کۆتایى بە حوکمى داعش لە شەنگال هات.

ئێزدییەکان کێن؟

ئێزدییەکان ئاینێکی تایبەت بە خۆیان هەیە کە پەرستگەى لالش لە قەزاى شێخان شوێنى کۆڕ و کۆبوونەوە و مەراسیمەکانیانە، ئەو پێکهاتە ئاینییە لە زۆربەى سەردەمەکانى عێراقدا رووبەڕووى پەلامار و دەستدرێژى بوونەتەوە.

شەنگال دەکەوێتە کوێ؟

لەروی ئیدارییەوە، شەنگال سەر بە پارێزگای نەینەوایە و 120 کیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورە، بە دووەم گەورەترین قەزای عێراق دادەنرێت، دانیشتوانەکەی زیاتر لە (200) هەزار کەس دەبێت و روبەرەکەی سێ هەزار و 188 كیلۆمەتر دوجایە و رێژەی 85%ـی دانیشتوانەکەی سەر بە ئاینی ئێزیدین.

لە پێنجەم ساڵیادى ئەو کۆمەڵکوژییەدا و لە 3.8.2019، لە دانیشتنێکى تایبەتدا، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەى دەنگ پڕۆژە یاسای دیاریکردنى 3ـى ئابى وەک رۆژى کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان پەسەند کرد.

سبەی سلێمانی بۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان خولەکێک دەوەستێت

سبەی سلێمانی بۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان خولەکێک دەوەستێت