دادوەر تۆمەتبارێکی ئازادکرد و خۆی گواسترایەوە
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
کەمتر لە مانگێک دوای ئازادکردنی تۆمەتباری کوشتنی دوو کچەکەی چەمچەماڵ، دادوەر سالار رەئوف کە بڕیاری ئازادكردنی تۆمەتبارەکەی دابوو کرا ئەندامی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی.
پێشتر، ئەو دادوەرە سەرۆکی دادگای تاوانەکانی سلێمانی یەک بوو، ئێستا لە شوێنەكەیدا جێگرەكەی دەستبەكاربووە.
لە 9ی ئەیلولی 2020، تەرمی دوو خوشك لە گۆڕستانێکی نێوان هەردوو قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شوان دۆزرانەوە، کە بە نهێنی کوژرابوون. کچەکان ناویان ئاوارە 19 ساڵ و هێلین 17 ساڵ بوون، هەفتەیەک دەبوو کە سۆراغیان نەبوو.
دواتر و لە 30ی ئازاری 2021، باوکی ئەو دوو کچە خۆی رادەستی پۆلیسی چەمچەماڵ كرد، ئەوەش دوای شەش مانگ لە دۆزینەوەی تەرمەکان.
هەمان رۆژ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، “تۆمەتباری سەرەكی، کە ناوی (ف، ح، ش) و باوكی دوو کچەکەیە، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە”.
میدیازان دەزانێت، لە 9ی مانگی ئەیلولی رابردوو، بەھۆی نەبوونی بەڵگە لەسەر کەیسی ئەو باوکە، دادگای تاوانەکانی سلێمانی بە سەرۆکایەتی دادوەر سالار بڕیاریداوە بە ئازادکردنی ئەو کەسە بە پێی یاسا، چونکە ھیچ شایەتێک و ھیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر بوونیان نەبووە.
دوای سێ رۆژ لە بڕیارەکەی دادگا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێكیدا لە پەڕەی فەرمی فەیسبووکەکەی خۆی، بڕیارەکەی بە “مار و پەیژە و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر” ناوبردبوو.
هەروەها گوتی، “بە هەوڵ و کۆششی هێزە ئەمنییەکان گومانلێکراوێک بە تاوانی کوشتن و توندوتیژیی دژی ژنان دەستگیردەکەین، کەچی بە بڕیارێکی دادگا دێینەوە سەر خاڵی سفر”.
دادوەرەکە لە رۆژی 2ی تشرینی یەکەم دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە.
پارێزەرێك كە ئاگاداری دوایین دانیشتنی دادگا بووە لەسەر ئەو کەیسە، بە میدیازانی وت، “دادوەر سالار لە دانیشتنەكەدا بە باوکەکەی گوتووە، راستە بەڵگەكان كافی نین لەبارەی تاوانباركردنی تۆ بە كوشتنی كچەكانت، بەڵام ئەمە دادگای مرۆڤایەتییە و تۆ بە دادگای خوا دەسپێرین”.
قوباد تاڵەبانی لەكۆتایی وتارەكەیدا نوسیبوی، “بەداخم کە تاوەکو ئێستاش هەندێک دادوەرمان خەمساردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی توندوتیژیی دژی ژنان”، هەروەها بەڵێنیدابوو بە بکوژانی ژن، “خوا وەکیلە؛ ئەگەر بە تاقی تەنهاش بم هەر بەدواتانەوە دەبم”.