لۆگۆى وەزارەتى دارایى و ئابورى هەرێم
وەزارەتى دارایى پشتڕاستى کردەوە
زیاتر لە 74 ملیار دینارى داهاتى نانەوتیى هەرێم خرایە سەر پشکى وەزارەتى دارایى عێراق
وریا فەتاح
وەزارەتى دارایى و ئابوورى هەرێم رایگەیاند بڕى زیاتر لە 74 ملیار دینارى بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
بەپێى راگەیەنراوەکەى وەزارەتى دارایى، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕى 74 ملیار و 844 ملیۆن و 532 هەزار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسانی ساڵی 2024، لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئەوەش لە کاتێکدایە مانگى رابردوو، بە هەمان شێوە بڕى 70 ملیار و 131 ملیۆن و 250 هەزار دینار، وەک پشکى گەنجینەى فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگى سێى 2024 لە لایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
بەپێى لێدوانى سیپان شێروانى ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران کە بە 964ـى وتووە، هەردوو دیوانى چاودێریى دارایى هەرێم و ناوەند کارەکانیان تەواو کردووە و لیستەکان وردبینییان بۆکراوە و بێ کێشەن و ئامادەن بۆ پارەدارکردن، بۆیە پێشبینى دەکرێت تەمویلکردنى لیستى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم، لە هەفتەى داهاتوو تێنەپەڕێت.