هیچیان لەسەر نەبووە و ئازاد کران

لەسەر ئاگرەکەی گۆیژە دوو کەس دەستگیر کراون

دیلان محەمەد جەزا

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا سێ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەریەکە لە شاخی گۆیژە و هەروتە و ئەزمەر کەوتنەوە، لەسەر رووداوی ئاگرەکەی شاخی گۆیژە دوو کەس دەستگیر کراون.

هێمن کەمەرخان بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە 964ـی وت، لەم هەفتەیەدا سێ روداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەریەکە لە شاخەکانی گۆیژە و ئەزمەر و هەروتە کەوتنەوە، بەهۆیەوە نزیکەی 295 دۆنم پوش و پاوان و دار سووتان.

باسی لەوەکرد، لەسەر رووداوی ئاگر کەوتنەوەکەی گۆیژە دوو کەسیان دەستگیر کردووە لە چەند رۆژی رابردودا، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە هیچیان لەسەر نەبووە و ئازاد کراون.

ئەوەی خستەروو، لێکۆڵینەوەکان لە کەوتنەوەی ئەو ئاگرانەی سنووری شاخی گۆیژە و ئەزمەر بەردەوامی هەیە و چاودێریەکان زیاتر دەکرێن.

رۆژی دووشەممە نزیکەی کاتژمێر سێی بەیانی ئاگر لە شاخی گۆیژە کەوتەوە و هەمان رۆژ کاتژمێر چوار ئاگر لە شاخی ئەزمەر کەوتەوە و رۆژی چوارشەممە کاتژمێر دووی پاش نیوەرۆ ئاگر لە شاخی هەروتە کەوتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی