جگە لە 80399 ئۆتۆمبێل

لە شەش مانگدا بایی زیاتر لە “سێ ملیار دۆلار” کەلوپەل هاوردەی هەرێم کراوە

964+

ژووری هەواڵ

وەزارەتی بازرگانی ئاماری شەش مانگی کارو چالاکیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا لە دەروازەکان و فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر بایی سێ ملیار و 220 ملیۆن و 60 هەزار دۆلار کەلوپەل و کاڵا هاوردە کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31.7.2024، وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە 271 هەزار تۆن کەلوپەل و کاڵا هاوردەکراوە کە بەهاکەی زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بووە.

جگە لە کەلوپەل، 80 هەزار و 399 ئۆتۆمبێل هاوردەکراون و ئەو سێ ملیار دینارە ئۆتۆمبێل ناگرێتەوە.

کۆی گشتی کەلوپەلی هەناردەکراو زیاتر 55 هەزار و 672 تۆن بووە لەرێگەی 96 مۆڵەتی هەناردەکردن نێردراون.

ئەو کەلوپەل و ئۆتۆمبێلانە لەرێگەی دەروازە سنورییەکانی، ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان، باشماخ و هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە ئاڵوگۆڕکراون.

بەگوێرەی ئامارەکەی وەزارەتی بازرگانی لە ماوەی شەش مانگدا بڕی 267 هەزار و 197 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرداگیراوە و بڕی پارەی پسوڵەی سزاکانیش بریتیە لە 227 ملیۆن و 436 هەزار دینار.

عێراق گومرگی سەر ئاردی هاوردە زیاد دەكات

عێراق گومرگی سەر ئاردی هاوردە زیاد دەكات