کۆڕنیش و تاڤگەى شەرانشێ سەرنجڕاکێشن

زاخۆى دەلال؛ تەنیا لە جەژندا 35 هەزار کەس سەردانیان کردووە

964+

شڤان عەبدوڵا- زاخۆ

بەهۆی کۆتایی هاتنی وەرزی خوێندن، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و پشووەکانی جەژنی قوربان، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێشوازی لە شەپۆلێکی گەورەی گەشتیاران کرد.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری زاخۆ، تەنیا لە هەر چوار رۆژی جەژنی قورباندا، نزیکەی 35 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەکەیان کردووە.

سەنتەری شاری زاخۆ بە کۆرنیش و قەڵا دێرینەکەی و بازاڕە کۆنەکەیەوە، شانبەشانی قەزای باتیفا بە گوندە فێنکەکانی و تاڤگەکانی وەک (شەرانش، دەشتەتەخ و سووریا)، بوونەتە وێستگەی سەرەکیی مانەوە و گەشتی هاوڵاتیان.

بێوار سندی، وتەبێژی گەشتوگوزاری زاخۆ بە 964ـى رایگەیاند: “نۆژەنکردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکان و قیرتاوکردنی شەقامەکان هۆکاری سەرەکی بوون بۆ راکێشانی ئەم ژمارە زۆرەی گەشتیاران، بە جۆرێک لەم جەژنەدا سەرجەم هۆتێل، چێشتخانە و کافتریاکانی زاخۆ پڕبوون لە میوان.”

وتەبێژەکەی گەشتوگوزار جەختی لەوەش کردەوە کە بۆ ئەم هاوینە ئامادەکاریی تەواویان کردووە و پێشبینی دەکەن زاخۆ ببێتە رووگەی یەکەمی گەشتیاران و کاتێکی خۆش لە شارەکە بەسەر بەرن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح