چ باسی درێژكردنەوەی نییە
ئەمڕۆ داشكان لە قەرزی كارەبا كۆتایی دێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بە پێی ئەو راگەیاندراوەی پێشتر بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا لە هەولێر و سلێمانی بڵاویانكردبووەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 31.7.2024 داشكان لە قەرزی كارەبا كۆتایی دێت.
یەکەمجار حکومەتی هەرێم لە رێکەوتی 3.6.2021 بڕیاری لێخۆشبوونی هاوبەشانی کارەبا بە رێژەی 15% دەرکرد و لەوکاتەشەوە تا ئێستا بڕیارەكە كاری پێدەكرێت و چەند جارێکیش وادەکەی درێژ کرایەوە.
پێشتر سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964 وتبوو، داشکانی قەزری کارەبا تا 31.7 بەردەوامی دەبێت، هاوڵاتیان دەتوانن سوودی لێببینن.
باسی لەوەش کردبوو، لە دوای ئەو وادەیە دانەوەی قەرزی کارەبا وەک رابردووی لێدێتەوە و هیچ لێخۆشبوونێک هاوڵاتیان ناگرێتەوە بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.
دواجار كە بڕیاری درێژكردنەوەی داشكان بۆ قەرزی كارەبا نوێكرایەوە لە 26.6.2024 بوو، كە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێگەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، “بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داشکاندنی کرێی کەڵەکەبووی کارەبا، تا 31.7.2024 درێژکرایەوە”.