"هەموو وردەکارییەکی تێدا دەبێت"
کۆمپانیایەکی بیانی رێبەری گەشتیاریی تایبە بە هەرێم چاپدەکات
964+
ژووری هەواڵ
کۆمپانیایەکی گەشتیاری نێودەڵەتی کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، رێبەرێکی گەشتیاری تایبەت بە گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان چاپ دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 30.7.2024، دۆگلاس لایتن، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە (Explore MESOPOTAMIA) کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بواری گەشتوگوزارە سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری کردووە و رایگەیاندووە، کە پلانیان هەیە بۆ چاپکردنی رێبەرێکی گەشتیاری تایبەت بە هەرێم.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە 964ـی راگەیاند، رێبەرە گەشتیارییەکە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی دەبێت و دەدرێت بە کۆمپانیا گەشتیارییە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی راکێشانی سەرنجی گەشتیارانی نێودەوڵەتی و ناساندنی هەرێمی کوردستان وەک روگەیەکی گەشتیاری لەسەر ئاستی جیهان.
“دۆگلاس لایتن لە 2016 رێبەرێکی گەشتیاریی تایبەت بە هەرێمی کوردستان چاپکردووە و دەیەوێت ئەو رێبەرە نوێبکاتەوە و زانیاری وردی تێدادەبێت ئاماژە بەتەواوی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەدات لەرووی هونەری، کلتوری، مێژوویی، ئەدەبی، شوناس و شێوازی ژیانکردن”، ئیبراهیم عەبدولمەجید وای وت.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، “ماوەی نزیکی داهاتوودا کۆمپانیای ناوبراو رێبەرێکی گەشتیاری سەردەمیانە سەبارەت بە شوێنە گەشتیاری، مێژووی و شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان چاپ دەکات و دەیخاتە بەر دەست گەشتیاران و دامەزراوە و کۆمپانیا گەشتیارییە نێودەوڵەتییەکان”.