هەنجیر و هەنار و زەیتوونن
بەروبوومی دوو باخی هەواری شار دەفرۆشرێن و سێ باخی دیکەش زیادکردنی ئاشکرایان بۆ دەکرێت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بەروبوومی دوو باخی ناو پارکی هەواری شار لە سلێمانی لە لایەن ئەو کەسانەی باخەکانیان لایە دەفرۆشرێن و ئیدارەی پارکەکەش دەڵێت، سێ باخی دیکەشیان خستووەتە مەزادەوە.
بەروبوومی باخەکە بریتییە لە بەرهەمەکانی هەنجیر، هەنار، زەیتوونن.
فەرەیدوون عومەر، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار بە 964ـی راگەیاند، ئێستا دوو باخیان لای خەڵکن و بەروبوومەکەیان دەفرۆشرێت و تا کاتی پێگەیشتن و لێکردنەوەشیان نازانن بەرهەمەکەیان چەند دەبێت.
وتیشی، “ئێستا سێ باخی تر بە هەمان شێوە ئامادەن و خراونەتە مەزادەوە و شارەوانیی سلێمانی سەرپەرشتی دەکات تا هەرکەس بیەوێت لە مەزادێکی ئاشکرادا وەریانبگرێت و ساڵانە بەروبوومەکەی بفرۆشرێت”.
پارکەکە ساڵانە ئەو بەروبوومە دەفرۆشێت و هەر ساڵە و بەپێی نرخی بازاڕ بەرهەمەکانی دەخرێنە بازاڕەوە.
فەرەیدوون عومەر وتیشی، “داهاتی زیادکردنی ئاشکراکان راستەوخۆ بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەگەڕێتەوە”.
بەپێی رێنماییەکانی شارەوانیی سلێمانی، ئەو کەسەی باخەکانی لە زیادکردنی ئاشکرادا بۆ دەردەچێت پێویستە تا وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومەکەی ئاگای لە ئاودانیان بێت و بیانپارێزێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی