لە 2013ەوە بەردی بناغەی دانراوە

کارکردن لە بەنداوی باوەنور دەستیپێکردەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

بەنداوی باوەنور دەکەوێتە ناحیەی باوەنور لە ئیدارەی گەرمیان، لە ساڵی 2013 بەردی بناغەی دانراوە، چەند جارێک کارکردن تێیدا راگیراوە، بڕیاردراوە جارێکیتر کارکردن بۆ تەواوکردنی بەنداوەکە دەستپێبکاتەوە.

عەدنان عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی باوەنور بە 964ـی وت، “کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە رەزامەند بوون بە کارکردنەوە بۆ تەواوکردنی بەنداوەکە، چەند رۆژێکە لە بەشێکی بەنداوەکە دەستیان بەکارکردووتەوە”.

ئێستا کار لە باشکردنی رێگا و پردی بەنداوەکە دەکەن بۆ ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکانیان، دوای ئەوە دەستدەکەن بە کارکردنەوە لە بەنداوەکە، عەدنان عەلی وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیارمانکردوە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ، دەست بکرێت بە دروستکردنی بەشی بەرھەمھێنانی کارەباکەشی بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی پێشنیارەکەمان نەدراوەتەوە، روونیشیکردەوە، ئەگەر پارە بۆ پرۆژەکە تەرخانبکرێت وا بڕیارە ئەمجارەیان بەنداوەکە تەواو بکرێت”.

بودجەی پرۆژەکە 324 ملیار دینارە لە 2013 بەردی بناغەی داندراوە بڕیاربوو لەماوەی 5 ساڵ بەنداوەکە تەواو بکرێت بەڵام تاوەکو ئێستا 10%ی کارەکانی تەواوکراوە، بە تەواوبوونی توانای گلدانەوەی 70 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە، نزیکەی 65 ھەزار دۆنم زەوی بەراو دەکات.

پێداچوونەوە: میدیا گۆران