ئێستا لە كوێیە؟
منداڵێكی تازەلەدایكبوو لە زاخۆ بە فڕێدراوی دۆزرایەوە
964+
شڤان عەبدوڵا
منداڵێک، كە چەند كاتژمێرێك بووە لە دایك بووە، بە فڕێدڕاوی لەلایەن گەنجێکەوە لە زاخۆ دۆزرایەوە و رادەستی پۆلیس كرا.
رووداوەكە درەنگانی شەوی رابردوو 23.7.2024 نزیک کاتژمێر 12ـی شەو لە گەڕەکی سەرهلدان نزیک مزگەوتی فیردەوس بووە و بە هۆی گریانی منداڵەکەوە گەنجێك پێی زانیوە.
مەحمود رەمەزان، ئەو گەنجەیە كە منداڵەکەی هەڵگرتووەتەوە، بە 964 وت، “بە ئۆتۆمبێلی خۆم لەسەر جادەی مارکێتی خەمر دەچوومەوە ماڵەوە، بینیم چەند کەسێک لە چواردەوری منداڵەکە کۆبوونەتەوە، لە ئۆتۆمبێل دابەزیم باسی دەنگی منداڵێکیان دەکرد، منیش لێی نزیک بووم بینیم منداڵێکی تەمەن چەند کاتژمێرێکە و خوێن لەسەر جەستەکەی هەیە، پێموایە چەند کاتژمێرێک بوو لەدایک بووە، بردم بۆ بنکەی پۆلیسی دەلال و رادەستی ئەوانم کرد”.
لە لای خۆیەوە ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964 وت، دوای ئاگادارکردنمان یەکسەر منداڵەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوونی زاخۆ، ئەوەی پێویست بۆ منداڵەکە کراوە و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە و بەپێی فەرمانی دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا