گەنمیان زۆر خواردووە

لە ئاکرێ 45 سەر مەڕی خاوەن ئاژەڵێک مرداربوونەوە

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

ئەمڕۆ سێشەممە، لە گوندێکی ناحیەی گردەسێنی قەزای ئاکرێ ئاژەڵدارێك 45 سەر مەڕی لێ مردار بووەتەوە و بە وتەی ئاژەڵدارەوەکە گومان دەکەن بڕێکی زۆر گەنمییان خواردبیت بۆیە مردار بووبێتنەوە.

نزیکەی دوو دەفتەر دۆلار زەرەری بەرکەوتووە

ئاژەڵدارەکە دانیشتووی گوندی “کورکا مزگەفت” لە قەزای ئاکرێ، مەڕەکان دوێنی ئێوارە لەوەڕییان کردووە و کێشەیان نەبووە، بەڵام ئەمرۆ نزیکەی 100 سەڕ مەڕ نەخۆشکەتوون و نزیکەی 45 سەریان مردار بوونەتەوە و زیاتر لە 35 سەر مەڕی دیکەش لەسەر لێواری مەرگن.

مەخسود عەزی، خاوەنی مەڕەکانە بە 964ـی وت، ”دوێنێ ئێوارە شوانەکەمان مەڕەکانی بردووە بۆ لەوەڕ بۆ دەشتی رۆڤیا وەکو هەموو رۆژەکانی دیکە، بەڵام دوایی بۆمان دەرکەوت مەڕەکانمان رێژەیەکی زۆر گەنمیان خواردووە و ئاوایان بەسەر هاتووە، ئێستاش مرداربوونەوەی مەڕەکان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 45 سەر مردار بوونەتەوە، زیاتر لە 35 مەڕی دیکەش حاڵیان باش نیە و خەریکە مردار دەبنەوە.

وتیشی، ئەمڕۆ کە مەڕەکانمان سەر بڕی بینیمان بڕێکی زۆر گەنم لە سکیاندا بوو، ئەگەر مەڕیش گەنمێکی یەکجار زۆر بخوات بەم شێوازە حاڵیان باش نابێت و مردار دەبنەوە.

بەپێی قسەی جوتیارەکە، نزیکەی دوو دەفتەر دۆلار زەرەری کردووە، پێشبینیش دەکات زەرەرەکەی زیاتر بێت لە ئەگەری مردار بوونەوەی مەڕی زیاتر.

دەشڵێت، یەکێک لەو مەڕانەم کە مردار بووەتەوە نرخەکەی یەک ملیۆن دیناری عیراقی بووە و هەبووە بە کەمتر لە 500 هەزار نەمفرۆشتووە بۆیە زیانەکان زۆرن، هیوادارم لایەنی پەیوەندیدار بتوانێت هاوکاریم بکات.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر