لە گوندێکی سلێمانی خوێندنگەی ئامادەیی نییە و خێرخواز دروستی دەکەن

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لە گوندێکی سنووری پارێزگای سلێمانی خوێندنگەی ئامادەیی نییە، بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکە تەنیا قۆناغی بنەڕەتییان تەواو کردووە و ئێستا ناچار خۆیان خوێندنگەیەک دروست دەکەن.

گوندی فەرەج ئاوا بە دووری 15 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سلێمانی، کە 480 ماڵ تێیدا نیشتەجێن، بەھۆی نەبوونی قوتابخانەی ئامادەیی 110 خوێندکاری گوندەکە نەیانتوانیوە خوێندنی ئامادەیی تەواو بکەن.

لە گوندەکەدا، یەک قوتابخانە ھەیە کە سێ دەوامی تێدا دەکرێت و لە قۆناغی یەک تا نۆی بنەڕەتی خوێندکاری وەرگرتووە.

بەشێک لەو قوتابیانەی قۆناغی بنەڕەتییان تەواو کردووە، بەھۆی نەبوونی قوتابخانەی ئامادەیی خوێندنیان تەواو نەکردووە، چەند جارێک دانیشتووانی گوندەکە داوایان کردووە خوێندنگەی نوێ دروست بکرێت، بەڵام داواکانیان بێ وەڵام بووە.

ئێستا دانیشتوویەکی گوندەکە پاش رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژھەڵاتی سلێمانی، لەسەر زەوی خۆی و بە ھاوبەشی خێرخوازان دەستیکردووە بە دروستکردنی قوتابخانەیەکی نوێ.

سەردار فەرەج بە تۆری 964ی وت “موڵکێکم لە گوندەکەدا ھەبوو، بەشێکیم تەرخانکردووە بۆ دروستکردنی قوتابخانەکە، بەڵام بە کۆمەکی خێرخوازان توانیومانە بناغە و ھەیکەلی قوتابخانەکە تەواو بکەین”.

بە وتەی سەردار، ئێستا ئەوان چاویان لە دەستی خێرخواز و سەرمایەدارانە تا بتوانن قوتابخانەکە سەرپێ بخەن و بە کۆتایی بگەیەنن.

ئەو زیاتر وتی، تا ئێستا 4500 دۆلاریان لە قوتابخانەکەدا خەرجکردووە، بەڵام پێویستییان بە کۆمەکی زیاترە “ئێمە ئامانجمان ئەوەیە 110 قوتابی دیکەمان نەبنە قوربانی و ساڵی نوێ خوێندن لە قوتابخانەکە بکەینەوە”.