دەستەی دەسپاکی: پڕۆژەی بەناوی هاوسەرەکەیەوە کردووە

دەست بەسەر دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناری بەرپرسێکی پارێزگای سەڵاحەدیندا گیرا

فەرهاد حەسەن

دەستەی دەسپاکی فیدراڵی لە ئۆپەراسیۆنێکی نوێدا، بڕە پارەیەکی زەبەلاح و چەندین خانوبەرەی وەبەرهێنانی لە ماڵی بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاریی پارێزگای سەڵاحەدیندا ئاشکرا کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، پشکنینیان بۆ ماڵی بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاریی پارێزگاکە کردووە و توانیویانە بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار بدۆزنەوە و دەستی بەسەردا بگرن.

هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا شەش پڕۆژەی وەبەرهێنان (خانوو یان پڕۆژە) دۆزراونەتەوە کە بەناوی هاوسەری تۆمەتبارەکەوە تۆمار کرابوون.

دەستپاکی دەڵێت، لە ئێستادا ئەم بەرپرسە دەستگیرکراوە و بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادان لە زینداندایە، چیرۆکی تۆمەتەکەشی پەیوەستە بەوەی کە لە بەشی ژمێریاریی پارێزگای سەڵاحەدیندا، پسوولەی “وەهمی و ساختە”یان بەکارهێناوە بۆ راکێشانی بڕە پارەیەکی زۆر لە بانکی رافیدەین، بەو پاساوەی کە گوایە شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگاکە دابەش دەکەن، بەڵام لە راستیدا پارەکە بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکارهاتووە.

دەستەی دەسپاکی ئاماژەی بەوەکرد کە کۆنووسی فەرمی بۆ هەموو پارە و بەڵگە دەستبەسەرداگیراوەکان رێکخراوە و رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراون بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکە.