بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار

چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی لە دەربەندیخان جێبەجێ دەکرێت

توانا نەقی

بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی لە قەزای دەرەبەندیخان لە بوارەکانی ئاو و خزمەتگوزاری تەندروستی جێبەجێ دەکرێت.

قایمقامیەتی دەربەندیخان لە راگەیندراوێکدا دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ دەستپێکردنی پرۆژەکان کردووە، تەنیا ئەوە ماوە لە کاتی خۆیاندا پرۆژەکان بودجەیان بۆ تەرخان بکرت و بخرێنە خزمەتی هاوڵتیان.

سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، هێشتا ئەو بڕە پارەیە لە بودجەی پەرەپێدان نەهاتووەتە سەر حسابی دەربەندیخان و بەڵام بڕیارەکەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە هاتووەتەوە سلێمانی.

وتیشی، کە بۆیان خەرج کرا پرۆسەی تەندەرین دەمێنێت و چەندین کۆمپانیا ئامادەن ئەو پرۆژانە وەربگرن، پارەکەش بۆ تەاوکردنی هیچ پرۆژەیەکی رابردوو نییە، بەڵکو دەبێت پرۆژەی نوێ بێت و تازە بەردی بناغەیان بۆ دابنرێت.

پرۆژەکان گوژمەی 3 ملیار و 354 ملیۆن و 472 هەزار و 673 دیناری بۆ دانراوە و پێکهاتوون لەم پرۆژانە:

– پرۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکی دەرسیم تایبەت بە شارەوانی دەربەندیخان بە بڕی 1 ملیار و 283 ملیۆن و 750 هەزار دینار.

– پرۆژەی دروستکردنی راکێشانی هێڵی ناقل و حەوزێکی ئاو بەبڕی 1 ملیار و 220 ملیۆن و 472 هەزار دینار، تایبەت بە فەرمانگەی ئاو بەمەبەستی زیاتر بەرهەم هێنانی ئاو و دابەشکردنی بەسەر هاوڵاتیاندا.

– دروستکردن و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی خانەی پزیشکان لەناو نەخۆشخانەی شەهید تۆفیق بە بڕی 700 ملیۆن دینار.

– بۆ سنووری شارەوانی ناحیەی باوەخۆشێن بڕی 150 ملیۆن دینار تەرخانکراوە.