داوای 15 کورسی دەکەن
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان: مافی ڤیتۆمان دەوێت
964+
ژووری هەواڵ
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنەکانی دیکە دەکات دەستوەردان نەکەن لە کاروباری پێکهاتەکان و دەڵێت ئەوان هیچ کاتێک نەبوون بە بەشێک لە کێشە سایسییەکان و دەیانەوێت ببن بە فاکتەرێکی باش بۆ پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21.7.2024، ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە 964ـی راگەیاند، داوایان کردووە کە کورسی پێکهاتەکان زیاد بکرێت و مافی ڤیتۆیان پێبدرێت.
964 لە ئایدن مەعروفی پرسی کە ترسیان لە چیە وا داوای مافی ڤیتۆ دەکەن، ئەو وتی، “دەمانەوێت مافی زیاتر بۆ پێکهاتەکان دابین بکرێت”.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان راشیگەیاند، بوونى پێکهاتەکان پشتیوانی لە دیموکراسى هەرێمى کوردستان دەکات، بۆیە پێویستە رەچاوى دۆخى پێکهاتەکان بکرێت بۆ ئەوەى بتوانن بەشێوەیەکى چالاک بەشدارى لە هەڵبژاردن بکەن.
“لەئێستادا ئێمە داواکارین کە کورسی کۆتاکان بکرێت بە 15 بۆئەوەی نوێنەرانی پێکهاتەی ئاین و ئاینزاکانی دیکەش بەشدار بن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەمە مافی خۆیانە و دەبێت گۆڕانکاری بکرێت لە یاسای هەڵبژاردندا”، ئایدن مەعروف وای وت.
رۆژى 21.2.2024، دواى 11 جار دانیشتن، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، لە بارەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانەوە بڕیاری دا.
دیارترین خاڵى بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى لەبارەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى 1992ـى هەمووارکراو، ئەوە بوو کە ژمارهیهك بڕگه و مادهی یاساکەى ههڵوهشاندهوه و 11 کورسیی پێکهاتەکانی پهرلهمانی كوردستانی به نادهستوری پێناسهكرد و ژمارهی ئهندامانی پهرلهمانی به 100 ئهندام دیاریكرد، کورسی پێکهاتەکانیشی کرد بە پێنج کورسی.