کێشەکە چییە؟

دەبێت لە ماوەی مانگێکدا شوقەکانی پێنجوێن چۆڵ بکرێن

+964
کامیار کەمال – پێنجوێن

ماوەی 30 رۆژ داندراوە بۆ ئەو کەسانەی چوونەتە ناو شوقەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە پێنجوێن و دەبێت لەو ماوەیەدا شوقەکان چۆڵ بکرێن، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، ئەو خێزانانە بە نایاسایی چوونەتە ناو شوقەكان.

محەمەد جەلیل بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئەو خێزانانە بە نایاسایی چوونەتە ناو شوقەكان و نیشتەجێبوونە.

وتیشی، ئەو شوقانە بۆ کەسانی کرێنشینن و بۆ ئەو مەبەستەش پێوەریان داناوە بۆ دابەشکردنی شوقەکان، بەڵام پێش ئەوەی شوقەکان تەواوببن، ئەو کەسانە بە نایاسایی چوونەتە ناویەوە.

“وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سکاڵامان لەسەر نیشتەجێبووەکان تۆمار نەکردووە، بەڵکو لەسەر کۆمپانیای جێبەجێکار سکاڵا تۆمارکراوە، چونکە ئیشەکەی بە ناتەواوی جێهێشتووە، خاوەن کۆمپانیاش سکاڵای لەسەر ئەو خێزانانە تۆمار کردووە و هەقی خۆشیەتی، چونکە تا ئێستا شوقەکان لە ئەستۆی بەڵێندەرە”، محەمەد جەلیل وای وت.

باسی لەوەش کرد، هەر زەرەر و زیانێک بەر شوقەکان کەوتبێت دەبێت دووبارە بەڵێندەر چاکی بکاتەوە.

964 سەردانی شوقەکانی کرد بۆ وەرگرتنی قسەی دانیشتووان، بەڵام كەسیان ئامادەنەبوون قسە بکەن و دواتر دانیشتوویەک، کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە 964ی وت، بەشێک لە دانیشتووان بە هیچ جۆرێک شوقەکان چۆڵ ناکەن و خۆیان بە شایەنی ئەو شوقانە دەزانن.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر ئێستا شوقەکان چۆڵ بکەن، هیچ جێگایەک نییە رووی تێبکەن و هەموویان خاوەنی ماڵ و منداڵن.
ئەو نیشتەجێبووەی شوقەكانی پێنجوێن ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لەوانەی نیشتەجێن لە ئێستاوە بە دوای خانووی چۆڵدا دەگەڕێن و دەیانەوێت شوقەکان چۆڵ بکەن، چونکە بەشێكیان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر دەستبەسەرکراون و ئێستاش کە ئازادکراون، کەفالەتی سێ ملیۆن دیناریان داوە.

شوقەکانی قەزای پێنجوێن ژمارەیان هەشت دانەیە و تایبەتن بە کرێنشینان، بەڵام پێش تەواو بوون و دابەشکردنی، 48 خێزان چوونەتە ناو شوقەکان.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا، ئەو کارەبایەیان لەسەر شوقەکان بڕی کە رایانکێشابوو، بەڵام دواتر دانیشتووانی شووقەکان خۆیان کارەبایان راکێشایەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

له‌ پێنجوێن کارەبای لەسەر کۆمەڵێک شوقەی کرێنشینان بڕا

له‌ پێنجوێن کارەبای لەسەر کۆمەڵێک شوقەی کرێنشینان بڕا