خێرخوازێکی خەڵکی رانیە
ماڵێکی بەخێر داناوە بۆ نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا
+964
ژێوار خدر
ماوەی دوو مانگە خێرخوازێکی خەڵکی رانیە کە لە شاری سلێمانی دادەنیشێت، ماڵێکی تەرخان کردووە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشن و لە شارەکانی دیکەوە سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن بێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک لە بەرامبەریدا وەربگرێت.
غەریب حەسەن، خاوەنی ئەو ماڵەیە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ”لێرە کرێی شوقە زۆر گرانە و ئەو کەسانەی کە خەڵکی دەرەوەی شاری سلێمانین و بۆ وەرگرتنی چارەسەر دێنە ئێرە و پێویست دەکا بۆ ماوەیەک بمێننەوە، مەسرەفێکی زۆریان دەکەوێتە سەر، بۆیە بڕیارمدا لەسەر ئەرکی خۆم ماڵێکییان بۆ ئامادە بکەم بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا کە لێرەن تێیدا بمێننەوە.”
وتیشی، ”ماڵەکە تەواوی کەلوپەل و پێداویستییەکی تێدایە و ئەو کەسەی دێت پێویست ناکا هیچ شتێک لەگەڵ خۆی بهێنێت، زیاتر ئەو کەسانە دێنە ماڵەکەوە کە نەخۆشی نەخۆشخانەی هیوان و چارەسەری کیمیایی وەردەگرن.”
جیاوازی نییە لە چ شاریکی کوردستانەوە بێی، ماڵەکە بۆ هەموو ئەو کەسانە کراوەیە کە لە دەرەوەی شاری سلێمانییەوە دێن و شوینی مانەوەیان نییە.
بەپێی قسەی خێرخوازەکە، لە رێگەی نوسینگەی شارەکان و مامۆستایانی ئایینیەوە ئەو کەسانەی پێویستییان بە ماڵەکەیە دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ بگرن ئەویش کلیلی ماڵەکەیان بداتێ.
“خەڵک زۆرن کە شوێنی مانەوەیان نییە، لە ماوەی دوو مانگدا سێ خێزانی جیاواز لە خانووەکەدا ماونەتەوە.” غەریب حەسەن وای وت.
خانووەکە کەوتووەتە بەرامبەر نەخۆشخانەی شۆڕش، لە گەڕەکی گوڵەباخ نزیک مزگەوتی نزا لە شاری سلیمانی.