"باجى هەڵوێستەکانمە"
کەربولی لەبارەی سزادانییەوە: دانپێدانانەکەم لەژێر ئەشکەنجەدا لێ وەرگیراوە
964+
وریا فەتاح
جەمال کەربولی، سەرۆکی پارتى چارەسەر لە کاردانەوەی ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێنراوە دەڵێت، ئەو “شانازی” بە حوکمەکەوە دەکات و بە باجی هەڵوێستە سیاسی و میدیاییەکانی دەزانێت، جەختیش دەکاتەوە کە ئەو دانپێدانانەی دادگا پشتی پێ بەستووە، لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگیراوە.
پێشتر ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڵاویکردەوە، حوکمی ساڵێک زیندانیکردن بەسەر جەمال کەربولی-دا سەپێنراوە، بەڵام بەهۆی تەمەنییەوە جێبەجێکردنەکەی راگیراوە. هەروەها بڕیاردراوە بڕی 4 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار قەرەبوو بداتە مانگی سووری عێراقی، کە گوایە لە بەخشینێکی سعودیە بردوویەتی.
کەربولی لە راگەیەندراوێکدا کە دەست 964 کەوتووە دەڵێت، “ئەو دانپێدانانەی دادگا کردوویەتییە بنەما، بە زۆر و لەژێر ئەشکەنجەدا لێم وەرگیراوە، من یەک سەنتیشم لە سعودیە وەرنەگرتووە”. بۆ سەلماندنی قسەکانیشی، بەڵگەنامەیەکی سعودیەی هاوپێچ کردووە کە بە وتەی خۆی، تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
کەربولی ئاماژەی بەوەش کردووە، سزادانی ئەو پەیوەندی بە هەڵوێستەکانییەوە هەیە کە لە رێگەی دەزگا میدیاییەکانییەوە (وەک دیجلە و نەهرەین) دۆسیەی هەستیاریان ئاشکرا کردووە، بۆیە لایەنێک هەوڵی بێدەنگکردنی دەدات.
لە کۆتاییشدا کەربولی رایگەیاندووە، کەیسەکەی ئەو هاوشێوەی دۆسیەی هەزاران زیندانیی بێتاوانە کە لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانیان لێ وەرگیراوە، وتیشی، “داواکردنی دادپەروەری تۆمەت نییە و بێدەنگیش نابین.”