لە سلێمانى
بەهۆى گیان لەدەستدانى کرێکارێکەوە کارکردن لە پڕۆژەیەک راگیرا
964+
وریا فەتاح
ئەو پڕۆژە نیشتەجێبونەى سلێمانى راگیرا کە رۆژى 13ـى ئەم مانگە کرێکارێکى لە نهۆمى 40ـەوە کەوتەخوارەوە و گیانى لەدەست دا.
رۆژى شەممە 31.7.2024، گۆران ئەکرەم، کرێکار لە پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون لە شارى سلێمانى، لە نهۆمى 40ـى پڕۆژەکە کەوتەوە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانى لەدەست دا.
کرێکارەکەى سلێمانى لە نهۆمى 40ـەوە کەوتووەتە خوارەوە
لە راگەیەنراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتى گشتى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و بەڕێوەبەرایەتى کار/سلێمانى، رایگەیاندووە، دواى رووداوەکە بەدواداچوونمان بۆى کردووە و پاش سەردانکردنى پشکنەرى کار بۆ سەر پڕۆژەکە، بەڕێوەبەرایەتى کار بە نووسراوى ژمارە 1108 لە 15.7.2024 بەڕێوەبەرى پڕۆژەکەى ئاگادار کردووتەوە بە راگرتنى کارەکانیان.
لە نووسراوەکەدا پاڵپشت بە ڕاپۆرتى پشکنین هاتووە، پێویستە لە ماوەى سێ رۆژ سەرجەم کەم و کووڕى و سەرپێچییەکان چارەسەر بکەن و دواى دووبارە پشکنین ئینجا دەتوانن دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، هاوکات دۆسیەى گیان لەدەست دانى کرێکارەکەش رەوانەى دادگاى تایبەتمەند دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەرى داوا لە کرێکاران دەکەن، لە کاتى بوونى هەر کەم و کووڕى و سەرپێچییەک کە مەترسی بخاتە سەر ژیانیان پەیوەندی بە هێڵى گەرمى ژمارە (5500)ـەوە بکەن.
لە رۆژى رووداوەکە عوسمان زیندانى سەرۆکى سەندیکاى بیناسازى سلێمانى بە 964ـى وت، وەزارەتى کار و لایەنە پەیوەندیدارەکان لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتىی گیانلەدەستدان و بەربوونەوەى کرێکارەکە پێکبهێنن.