دوای 8 مانگ مانەوەیان لە زیندان
33 گەنجی کورد لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەو 33 گەنجە کوردەی لە وڵاتی لیبیا بێسەروشوێن بوون، دۆزراونەتەوە و هەفتەی داهاتوو دەگەڕێندرێنەوە ناو کەسوکاریان، کە بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین مانگ لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا ژیانیان لە مەترسیدا بووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، دوای ئەوەی زانیاری لەسەر بێسەروشوێنبوونی ئەو کۆمەڵە کۆچبەرە لە لیبیا گەیشتووەتە دەستیان، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، دەستبەجێ رێکاری پێویست بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنیان گیراوەتەبەر. لە ئێستاشدا تەواوی مامەڵە یاساییەکانیان بۆ تەواو کراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەنەوە هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ راگەیاندنی ئەم هەواڵەدا، وەزارەتی ناوخۆ هۆشدارییەکی توند دەداتە گەنجان و خێزانەکان کە دووربکەونەوە لە رێگاکانی کۆچی نایاسایی. وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم جۆرە گەشتانە نەک تەنیا ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو کۆچبەران رووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی وڵاتان دەکاتەوە.
وەزارەتەکە وەک نموونەیەک باس لە دۆخی سەختی ئەم 33 گەنجە دەکات و دەڵێت: بەشێک لەو گەنجانە بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکانی لیبیا ماونەتەوە و لەو ماوەیەدا بەردەوام رووبەڕووی مەترسیی مەرگ بوونەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 302 کۆچبەری نایاسایی کە لە وڵاتانی جیاوازدا لە دۆخی سەختدا گیرییان خواردووە، رزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان.