“سلێمانی” ژمارەی پێوانەیی له سەردانیكهرانی کتێبخانە تۆمار دهكات
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم، ئاماری ژمارەی ئەو کەسانەی بڵاوکردووهتەوە، کە سەردانی کتێبخانە حکومییهكانیان کردووە، لە کۆی زیاتر لە 155 هەزار سەردانیكهر، زیاتر لە 93 هەزاری لە سلێمانیین، بەتێکڕا دەکاتە سێ ئەوەندەی ژمارەی سەردانیکەرانی شارەکانی دیكه.
لە ماوەی ساڵی 2022، ژمارەی ئەوانەی سەردانی کتێبخانە حکومییەکانیان کردووە 155 هەزار و 697 کەسن.
لەو ژمارەیەدا لە ماوەی ساڵی 2022، لە شاری هەولێر 32 هەزار و 658 کەس سەردانی کتێبخانە حکومییەکانیان کردووە.
بەڵام لە شاری سلێمانی ژمارەکە سێ ئەوەندەی ژمارەی سەردانیکەرانی سەرجەم شارەکانی دیكهی هەرێمی کوردستانە، لەو شارە لە ماوەی ساڵێک 93 هەزار و 992 کەس سەردانی کتێبخانە حکومییەكانیان کردووە.
لە شاری دهۆک، ژمارەی سەردانیکەرانی کتێبخانە حکومییەکان 13 هەزار و 25 کەس بوون.
لە پارێزگای هەڵەبجە، لە ماوەی یەک ساڵ، شەش هەزار و 540 کەس و لە راپەڕین، حەوت هەزار و 698 کەس سەردانی کتیبخانە حکومییەکانیان کردووە.
لە بارەی زۆری ژمارەی سەردانیکەران لە شارێک بۆ شارێکی دیكه، دیاری عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکان لە وەزارەتی رۆشنبیری بە تۆڕی 964ـی وت “ئێمە ناتوانین هۆکاری ئەوە دەستنیشان بکەین بۆ ژمارەی سەردانیکەرانی شارێک بۆ شارێکی دیكه بهرزتره، بەڵام داتاکانی هەموو هەرێم دەریدەخات، خەڵكێکی بەرچاو سوود لە کتێبخانە حکومییەکان وەردەگرن”.
دیاری، ئەوەشی وت “ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار کتێب لە هەرێم چاپدەکرێن و دوو ساڵە هیچ کتێبێکمان رەتنەکردووهتەوە، نۆ هەزار و 331 مۆڵەتی سپاردنمان داوە”.
بەپێی داتاکان لە هەرێمی کورستان، 92 کتێبخانەی حکومی هەیە، لەو ژمارەیە 30 کتێبخانەی دەکەوێتە هەولێر و 26 کتێبخانەی لە سلێمانییە، شاری دهۆک هەشت کتێبخانە و هەڵەبجە شەش کتێبخانە، راپەڕین 12 کتێبخانە و گەرمیان 10 کتێبخانەی حکومییان لێیە.