"شەو بوو، نەتدیبوو"
شووتی فرۆشەکەی رانیە بە دروشم کڕیارەکانی پەلکێش کردووە
964+
محەمەد عەلی ــ راپەڕین
عەلی نەوزاد، گەنجێکی دانیشتووی رانیەیە، حەوت ساڵە پیشەی شووتی فرۆشتنە، ماوەیەکە بە شێوازێکی جیاواز هاوار بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکەی دەکات، بەم کارەی بازاڕی باشتر بووە و خۆشەویستی خەڵکیشی بەدەستهێناوە.
دیمەنە ڤیدیۆییەکانی و بڵاوبوونەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وای کرد زیاتر بناسرێت، ئێستا کڕیارەکانی زۆرتریش بوون، ئەویش هۆکارەکەی بۆ ئەم دروشمەی دەگەڕێنێتەوە، “شەو بوو نەتدیبوو، عەینەکت لە چاویدا نەبوو”.
عەلی لە فیچەرێکی 964 بەشداری کردووە و دەڵێت، “پێشتر خوێندکار بووم، دواتر دەستمکرد بە شووتی فرۆشتن، بازاڕم نەبوو بە جۆرێک بەشی رۆژانەی خۆمم پەیدا نەدەکرد، بەڵام کە بە قسە خۆشەکان و دروشمەکان هاوارم دەستپێکرد، بوو بە خێر بۆ شووتی فرۆشتنەکەم”.
“ئامانجم لەو جۆرە هاوارکردنە ئەوەیە، بازاڕێک بۆ خۆم دروستبکەم و فرۆشیاران لە خۆم نزیک بکەمەوە، ئامانجێکی تریشم دڵخۆش کردنی خەڵکە و دڵخۆشم کە هاوار کردنەکەم دڵی خەڵک خۆش دەکات، ئێستا بەهەر جێگایەکدا دەڕۆم، لە سوچێکەوە یەکێک دەڵێت شەو بوو، نەت دی بوو”، عەلی نەوزاد وای وت.
ئەو فرۆشیارە ئێستا کە تەمەنی 24 ساڵە ژیانی هاوژینی پێک نەهێناوە، ئەو دەڵێت، “داواکارم لە هەموو فرۆشیاران رووخۆش بن لەگەڵ کڕیاراندا، بەقسەی خۆش و رووی خۆش موشتەریەکانیان بەڕێ بکەن، بۆ خۆشیان قازانجە و بازاڕیان زیاتر دەبێت و خۆشەویستی خەڵکیش بەدەست دەهێنن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا