بۆچی بەڕێوەبەری بودجە گرنگە؟
بەڕێوەبەرە نوێیەکەی بودجە دەستبەکاربوو
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرێکی نوێ بۆ بودجەی گشتی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دانرا، “کە پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ دام و دەزگاکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق هەیە”.
ئەبوبەکر عەلی ئیبراهیم، لەمەودوا لە جێگەی ئارام عەبدوڵا، “وەک بەڕێوەبەری گشتیی نوێی بودجە” لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستبەکاربوو.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ” بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بودجە دەزگایەکی گرنگ و هەستیاری وەزارەتی داراییە و پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ دام و دەزگاکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵدا هەیە”.
ماوەیەکە، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خول بۆ فەرمانگەکانی تەمویل زاتی لە وەزارەتەکان دەکاتەوە، وەزیری دارایی هەرێم ئاوات شێخ جەناب پێشتر ئاماژەی بەوەکرد بوو، “پێویستە فەرمانگەکان خۆیان لەگەڵ سیستمی تەمویل زاتی عێراق بە زووترین کات بگونجێنن”.
تەمویل زاتی چییە؟
بەکارهێنانی پارەی وەزارەتەکە خۆی، یان ئەو پارەیەی لە کار و بازرگانی وەزارەتەکە دەستدەکەون، یان دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی وەزارەتەکە، ئەوەش بە گوێرەی ئەو سیستمەی بۆ پارەدارکردنی داهات دایڕشتووە.
ئاواتی شێخ جەناب لە دەستپێکی کردنەوەی خولەکەدا ئەوەی وتبوو، “لە دەرئەنجامی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئاراوە پێویستە بەزووترین کات ئەو فەرمانگانەی تەمویل زاتین جیابکرێنەوە و هاوشێوەی عێراق کار بە سیستمی ژمێریاریی تایبەت بە تەمویل زاتی بکەن”.