دیمەنی کۆبوونەوەی وەزیری دارایی لەگەڵ فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی _ وێنە: وەزارەتی دارایی و ئابووری
خولیان بۆ کردنەوە
وەزیری دارایی بۆ فەرمانبەرانی: بە زووترین کات لەگەڵ سیستمی پارەدانی عێراق بگونجێن
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خول بۆ فەرمانگەکانی تەمویل زاتی لە وەزارەتەکان دەکاتەوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیرەکەیەتی ئەو ئاماژە بەوەدەکات، “پێویستە فەرمانگەکان خۆیان لەگەڵ سیستەمی تەمویل زاتی عێراق بە زووترین کات بگونجێنن”.
وەزیر ئەوەشی ئاشکراکردووە، “لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە سەر رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن” کە ئەو خاڵە لە هەمواری بودجەدا بەرانبەر بە پشکی هەرێمی کوردستان و تەوتینکردنی مووچەخۆران.
ئەمڕۆ سێشەمە 21.5.2024، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری خولێک بۆ فەرمانگەکانی تەمویل زاتی لەسەر ئاستی وەزارەتەکان دەستیپێکرد، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی بێت، “وەزیری دارایی بەپێویستی زانیوە، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بەزووترین کات خۆیان لەگەڵ سیستەمەکە بگونجێنن”.
- تەمویل زاتی چییە؟
- بەکارهێنانی پارەی وەزارەتەکە خۆی، یان ئەو پارەیەی لە کار و بازرگانی وەزارەتەکە دەستدەکەون، یان دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی وەزارەتەکە، ئەوەش بە گوێرەی ئەو سیستمەی بۆ پارەدارکردنی داهات دایڕشتووە.
ئاواتی شێخ جەناب لە دەستپێکی کردنەوەی خولەکەدا ئەوەی وتووە، “لە دەرئەنجامی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هاتۆتە ئاراوە پێویستە بەزووترین کات ئەو فەرمانگانەی تەمویل زاتین جیابکرێنەوە و هاوشێوەی عێراق کار بە سیستەمی ژمێریاری تایبەت بە تەمویل زاتی بکەن”.
وەزیر ئەوەشی وتووە، “لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە سەر رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن، بەپێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی و لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی”.
خولی تەمویل زاتی لەلایەن سەنتەری پەرەپێدانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ فەرمانبەرانی ژمێریاری فەرمانگەو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کراوەتەوەو بۆ ماوەی سێ رۆژ لە هەولێرو سلێمانی و دهۆک بەردەوام دەبێت.