تاکە ژن بووە بەشداریی خولەکەی کرد
ئەفسەرێکی ژن لە خولێکی نیشانەشکێنیدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
+964
ژێوار خدر
ئەفسەرێکی ژنی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی رانیە بەشداری خولیکی نیشانەشکێنی کرد، پلەی یەکەمی لە دەمانچە بەدەستهێنا.
ئیخڵاس حەسەن ئەفسەرە بە پلەی عەقید لە بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەی پاسپۆرتی راپەڕین و قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “لە کۆی 42 بەشداربوو تاکە ژن بووم بەشداریم کرد لە خولێکی نیشانەشکاندن، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی مەشق و شیاندنی سلێمانییەوە رێکخرابوو، ماوەی چوار رۆژی خایاند.
وتیشی، خولەکە تایبەت بوو بە نیشانەشکاندن بۆ هەردوو چەکی کڵاشینکۆف و دەمانچە، لە کۆتایی خولەکەشدا توانیم پلەی یەکەم بەدەست بهێنم لە نیشانەشکێنی دەمانچە.
عەقید ئیخڵاس حەسەن تەنیا ئەفسەری ژنە لە وەزارەتی ناوخۆ کە لە دەڤەری راپەڕین ئەرک دەبینێت و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زمانی ئینگلیزی، حەز و خولیای بۆ بواری سەربازی وایکردووە ئەرکێک هەڵبژێرێت کە زۆر جیاوازە لەو بەشەی کە تێیدا خوێندوویەتی.