150 تەنوور دەچێتە دەرەوەی وڵات
تەنورچییەکانی کەرکوک خۆڵە سوورەکەیان لێ بڕاوە و رێگری هەیە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە کاتێکدا ساڵانە تەنووری قوڕی کەرکوک بۆ دەروەی وڵات هەناردە دەکرێ، ماوەی دوو مانگە رێگری دەکرێت لە تەنوورچییەکانی کەرکوک خۆڵی سوور لە گوندێکی دەوربەری قەزای دوبزەوە بهێنن بۆ کەرکوک و ئەوان داواکارن لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان نوسراوی رێگەپێدانیان بۆ بکات.
وەک خۆیان باسی دەکەن، لەوێ موختارێک رێگەیان لێ دەگرێ.
مستەفا عیرفان یەکێکە لە تەنورچییەکان ئەو بە 964ی وت، زیاتر لە 50 ساڵە ئەم کارە دەکەین ،خۆڵ لە گوندی حەتین لە قەزای دوبز دەهێنین، بەڵام ماوەی دوو مانگە موختاری گوندەکە گێچەڵمان پێدەکات و رێگەمان پێنادات، هەرجارە و بیانوویەکمان لێ دەدۆزێتەوە جارێک دەڵێت، رەزامەندی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان بهێنن جارێک قایمقام، 25 خێزان بژێوی ژیانی لەسەر ئەم کارەیە و ئێستا دانیشتوون لەماڵەوە.
ئەو شوێنەی کە خۆڵەکەی لێ دەهێنرێ شاخە، سەروەر حوسێن تەنورچی بە964ـی وت، ئەو شوێنە نە بۆ کشتوکاڵ دەبێت نە بۆری نەوتی لێ یە، دواین بیانووی موختاری گوندەکە دەڵێت سوپا رێگەنادات، ئێمە نوسراوی فەرمی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانمان هەیە، دەڵێن ئەو فەرماندەیە گۆڕاوە کەسێکی دیکە هاتووە دەبێت نوسراوی فەرماندەی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک بهێنن.
بەهۆی ئەوەی تەنووری کەرکوک خۆڵەکەی سورە ساڵانە نزیکەی 100 بۆ 150 تەنووری قوڕ هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێ، بەتایبەتی بۆ نەرویج، فنلەندا و ئەڵمانیا جیا لەوە بە بەردەوامی بۆ تورکیا رەوانە دەکرێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا