خۆت نۆتیفیکەیشن دیاری دەکەیت و بێزارت ناکات
گەورەترین ئاپڵیکەیشنی هەواڵ لە کوردستان و عێراق کەوتەکار.. بفەرموون بیبینن بزانن راست دەکەین یان نا
964+
ژووری هەواڵ
ئەمە گەورەترین و بەرفراوانترین ئاپڵیکەیشنی هەواڵە کە بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی هەواڵ و زانیاری بڵاو دەکاتەوە، بەڵام چ جۆرە هەواڵێک، هەواڵی کوچە و کۆڵان، هەواڵێک کە رۆژانە هەموومان کارمان پێیەتی، لە بارەی ژیان و گوزەران و وەزعی بازاڕو هاتنی موچە، هەواڵی بێئاوی و کێشەی دەنگی مۆلیدەکان، هەواڵی پرۆژە تازەکان و رێگاوبانە قیرتاوکراوەکان و پردو تونێلەکان، هەواڵی داربڕو راوچییە دەستگیرکراوەکان، رووداوەکانی هاوتوچۆو ئاگرکەوتنەوە، بڕیارو رێنماییە نوێیەکان.
سبەی گەرمە یان نا؟، منداڵەکەم لە قوتابخانە دەوامی هەیە یان نا؟ شەقامە سەرەکییەکان داخراون یان کراوەن؟ گۆشتی سوورو مریشک هەرزان بوون؟ ئەی تەماتەو کولەکەو باینجان؟ بە کوردی و بە کورتی ئەوەی رۆژانە بۆ تۆ گرنگە خێرا خێرا لە ئەپڵیکەیشنەکەوە دەگاتە دەستت.
هەولێرو سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجەو کەرکوک، گەرمیان و سۆران و راپەڕین و زاخۆ، پێنجوێن و سەیدسادق و بەردەرەش و چۆمان، تا دەگاتە هەموو گوندە دوورە دەستەکانیش ئێمە چاومان لەسەریەتی.
تیمێکی بەرفراوانی پەیامنێری چالاک و زرنگ دەستیان دەگات بە هەموو زانیارییەک، بێگومان هەموو زانیارییەکانیش لە راست و دروستیان دەکۆڵینەوە ئینجا بڵاویان دەکەینەوە.
هەواڵ خێرا دەگەیەنین، بەڵام پەلەمان نییە، دەبێ زانیارییەکان راست و دروست و یەکلاکەرەوە بن ئینجا دەستیان بۆ دەبەین، خۆ هەر کاتێکیش ئەگەر هەواڵێکمان لەدەست دەرچوو هیچ شەرم ناکەین بڵێین هەڵە بووین.
لای ئێمە چەقی هەواڵ خەڵکە، بۆیە ئەو زانیاریانە بڵاودەکەینەوە کە بۆ ژیانی رۆژانەی خەڵک بەسوودن، دوورین لە هەواڵی سیاسی و ململانێ سیاسییەکان، ئەوە کاری ئێمە نییە و هەرچی دەروونی خەڵک نائارام بکات لێی دوورین، ئەمە بەڵێنێکەو داومانە، وێنەیەکی روونتری کوردستان و عێراق پیشان دەدەین.