دیمەنی شوێنی کارەکەیان و وێنەی یەکێک لە فەرمانبەرە بریندارەکان _ وێنە: ئاوی ئاکرێ
بە برینداری دەرهێنراون
لە کاتی کاردا خۆڵ کەوت بەسەر دوو فەرمانبەری ئاوی ئاکرێ دا
964+
ئەحمەد مستەفا
دوو فەرمانبەری ئاوی ئاکرێ لە کاتی کارکردندا و لە ناو چاڵێکدا خۆڵ کەوت بەسەریاندا، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەڵێت، “بەسەختی برینداربوون”.
فەرمانبەرەکان سەرقاڵی گۆڕینی و چێککردنی بۆرییەکی شکاوی 16ی ئینجی ئاوی ماڵان بوون.
رووداوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 14.7.2024، لە گەڕەکی رفایێ ناو سەنتەری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک روویداوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “لە کاتێکدا فەرمانبەرەکان سەرقاڵی کارکردن بوون، ئەو خۆڵەی لە چاڵەکە دەرهێنراوە لەگەڵ زەوییەکە بەسەریاندا کەوتووە”.
دوو فەرمانبەرەکە ناویان، (گزار شەمسەدین و عیسام بەشیر)ە، ئاوی ئاکرێ ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەوەی روویداوە دڵتەزێنە، سەرەرای ئەوەی کەوتوونەتە ژێرەوەی خۆڵ، توانراوە زوو رزگار بکرێن یەکێک لە بریندارەکان ئێستا تەندروستی جێگیرە و ئەوی دیکەیان لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک چارەسەر وەردەگرێ”.
بە گوێرەی دیمەنەکان لە دوو ناوچە کاری هەڵکەندن کراوە، ناوچەی یەکەم زیاتر لە یەک مەتر قوڵکراوە و چاڵی دووەم نزیکەی دوومەترە، دەردەکەوێت لەلای ئەو بۆریییە شکاوە کەوتنی خۆڵەکە روویداوە و ئالیەتێکی حەفارەش لە ناوچەکە بوونی هەبووە.
وێنەی شوێنکارەکەیە کە دوو فەرمانبەی ئاوی ئاکرێ تێیدا برینداربوون؛