نوێنەرایەتی دەستەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە
گرێبەستەکان وادەیان بۆ حکومەت دانا و نیەتی خۆپیشاندانیان هەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
دەستەی فەرمانبەرانی گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا 1.8.2024 مۆڵەت دەدەن بۆ بە هەمیشەیکردنیان، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن، “ئەو خواستەیان جێبەجێ نەکرێ دەست بە خۆپیشاندان دەکەن”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14.7.2024، لە بەیاننامەیەکدا نوێنەرایەتی دەستەکە، ئەوەشی وتووە، ” پێشتر بەڵێنیان پێ دراوە، لە ماوەی 15 رۆژ کاری جدی دەکرێ، لەسەر دامەزراندنی گرێبەستەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو تیمە تەنانەت ئامادەنین زانیاری و گفتوگۆشمان لەگەڵ بکەن بە بیانوی جیاواز”.
“ئێمە هەموو جۆرە قوربانییەکمان دا لە ماوەی چەندین ساڵ فەرمانبەری دوور بووین لە مۆڵەتی نەخۆشی، بێ مۆڵەتی دایکایەتی بە نیو موچە بێ گۆڕینی بڕوانامەکانمان، بێ دەست خۆشی و سەرەموچە و بێ هەموو ئیمتیازێک بەردەوام بووین”، نوێنەرایەتی دەستەکە وا دەڵێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەیە، بەشێکیان نزیکەی 15 ساڵ دەبێت لە فەرمانگەکانی حکومەت کاردەکەن، مەچەکانیان لە نێوان 300 بۆ 700 هەزار دینارە.
دەقی بەیاننامەکە وەکخۆی؛
بەیاننامەیەک لە فەرمانبەرانی گرێبەستى حکومەتى هەرێمی کوردستان
بۆ ڕاى گشتی
پاش چەندین ساڵ لە چاوەڕوانی دامەزراندن کە مافێکی سەرەتایی خۆمانە بە بیانوی جیاواز حکومەت بە جدی کار لەسەر ئەم کەیسە ناکات ، ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەبەر بارودوخ هاوکاربوین و بەردەوام بوین لەسەر خزمەتکردن لە دام و دەزگاکانی حکومەت ، بەڵام پاش چەندین ساڵ چاوەڕوانی نیەتی حکومەت بە پێی داواکاری ئێمە نییە خۆشبەختانە جەنابی سەرۆک وەزیران تیمێکی راسپارد لە ماوەی ١٥ رۆژ کاری جدی بکەن لەسەر دامەزراندنی گرێبەستەکان ئەو تیمە تەنانەت ئامادەنین زانیاری و گفتوگۆشمان لەگەڵ بکەن بە بیانوی جیاواز ، ئێمە هەموو جۆرە قوربانییەکمان دا لە ماوەی چەندین ساڵ فەرمانبەری دوور بووین لە مۆڵەتی نەخۆشی ، بێ مۆڵەتی دایکایەتی بە نیو مووچە بێ تعدیل کردنی بڕوانامە بێ دەست خۆشی و سەرمووچە و بێ هەموو ئیمتیازێک بەردەوام بوین ئێستا پاش چەندین ساڵ چاوەڕوانی ئومێدمان بەوە هەبوو بارودۆخ گونجاوە و وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندوە دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست بارگرانی نییە بۆ حکومەت
بۆیە بڕیارماندا تا ١/٨/٢٠٢٤ چاوەڕوانی حکومەت بین ئەگەر تا ئەو ئەو ڕێکەوتە بڕیارێکی جدی لە بارەی گرێبەستەکانەوە نەدرێت بە ناچاری خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری هەموو شار و شارۆچکەکان لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدەدەین و هەنگاوی دواترمان بردنی ئەم کەیسەیە بەرەو بەغدا ..
تێبینى// فەرمانبەرى گرێبەست هەیە ١٥ بۆ ٢٠ ساڵ خزمەتى هەیە.
دەستەی نوێنەرانی فەرمانبەرانی
گرێبەستى حکومەتى هەرێمى کوردستان
١٤/٧/٢٠٢٤