لە سنووری ئامێدی

شەڕ ئاژەڵە کێویەکانی ناچارکرد روو لە ئاوەدانییەکان بکەن

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

به‌هۆى ئه‌و شه‌ڕه‌ى ماوه‌یه‌كه‌ له‌ سنوورى ئامێدى له‌نێوان سوپاى توركیا و په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌، ئاژەڵە کێویەکان ئه‌و شاخانه‌یان جێهێشت كه‌ شه‌ڕى تێدایه‌ و روویان لە ئاوه‌دانی و شاخەکانی نزیک له‌ ئامێدی کردووە.

شڤان سادق، هاوڵاتی گوندى كانیا ماڵا و ئاژەڵدوستی قەزای ئامێدیە چەند گرتە ڤیدیویێکی ئاژەڵە کێویەکان بۆ 964ـى ناردوە و دەڵێت، ئەمساڵ زۆرترین ژمارەی ئاژەڵە کێوییەکان هاتوونەتە گوندەکەیان، هۆكاره‌كه‌ش شه‌ڕ و سووتانی شاخەکانه‌.

وتیشی “به‌هۆى نەبوونی ئاو و خواردن و شوێن و نەسەقامگیری ناوچەکە، ئاژه‌ڵه‌ كێویه‌كان شوێنەکانیان جێهێشتوونە و هاتنە ئێرە”.

شڤان، چەندین ساڵە بە شێوەیەکى خۆبەخشانە چاودێرى ئاژەڵە کێوییەکانى سنوورەکەى دەکات، لە ئێستادا بیری ئاوى لێداوە و بە بۆڕیش ئاوى بۆ ئاژەڵە کێوییەکان دابین كردووه‌، بەتایبەتیش لە چەند شوێنێکى گونده‌كه‌ى.

964 دەزانێت، مانگێکە بەهۆی شەڕی بەردەوامی نێوان پەکەکە و تورکیا هەزاران دۆنم زەوی و بە سەدان داری بەرهەمداری زیاتر لە 10 گوندی سنووری قەزای ئامێدی سووتاون و ئاژه‌ڵه‌ كێویه‌كانیش به‌هه‌مان هۆكاره‌وه‌ به‌شێكن له‌وانه‌ى زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن