دوو هەفتە مۆڵەتە

حزبەکانى کوردستان بە “مساقى شەرەف” پابەند دەکرێن

964+

وریا فەتاح

ماوەیەکى تر بڕیارە هەرێم لەبەردەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا بێت، هەڵبژاردنیش کەشى ململانێکان توند دەکاتەوە و هێزە سیاسییەکان دۆخەکە بەرەو گرژى دەبەن، ئەمە دەستەى دەسپاکى بەرەو ئەوە بردووە لە ئیستاوە بە میساقى شەرەف، حیزبەکان پابەند بکات.

دوێنێ چوارشەممە، دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان، بە هاوكاری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان (un) و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەك بۆ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ساز كرا.

بە وتەى سەرخێڵ هاشم، بەڕێوەبەرى راگەیاندن لە دەستەى دەسپاکى کە بۆ 964 قسەى کردووە، كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەسەر ئەو رەشنووسی “مساقی شەڕەف”ـەى لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و دەستەی دەسپاكی كە بە هاوكاری شارەزایانی (undp) ئامادە كراوە.

وەک باسى دەکات، لایەنە سیاسییەکان بەشدار بوون و هەر یەکە و نوسخەیەکى مساقەکەیان پێدراوە و دوو هەفتەشیان لەبەردەمە تا شەنوکەوى بڕگەکانى بکەن و تیبینى خۆیان بدەن و دواتر مساقێک رادەگەیەنرێت و پەسەند دەکرێت.

“هەرێمى کوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە، دەمانەوێت لە ئێستاوە لەسەر سەروەرى یاسا و پابەند بوون بە دەسپاکى و رەفتارى سیاسى کاتى هەڵبژاردن و دواى هەڵبژاردن، لایەنە سیاسییەکان پابەندى ئەو مساقە بکەین”، سەرخێڵ هاشم واى وت.

روونیشى کردەوە، گرنگی بڕگەكانی مساقەكە، پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، بە پڕەنسیپی سەروەری یاسا و بنەماكانی حكومڕانی تەندروست و دەسپاكی و دژایەتی گەندەڵی، هەروەها پیادەكردنی شەفافییەت لە كاروباری ناوخۆی لایەنەكاندا و رێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

بەپێى راگەیەنراوێکى دەستەکەش، هەر حزبێک واژۆ لەسەر مساقەکە بکات ناوى بڵاودەکەنەوە و رای گشتى ئاگادار دەکەنەوە لە پابەندییەکەى.

ململانێ سیاسییەکانی کوردستان دەرگای دەستوەردانی بەڕو...

ململانێ سیاسییەکانی کوردستان دەرگای دەستوەردانی بەڕووی دادگاى فیدڕاڵ دەکاتەوە