"بۆ خوێندن لەوێن نەک گەڕان"

 چیتر کوڕە خوێندکارەکانى بەشەناوخۆییەکانى دهۆک ناتوانن دواى کاتژمێر 11ـى شەو بچنە دەرەوە

964+
زەید کۆچەر-دهۆک

بەڕێوبەرایەتی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی دهۆک بڕیاریدا، چیتر خویندکارانى کوڕ لە بەشەناوخۆییەکان ناتوانن دواى کاتژمێر 11ـى شەو بچنە دەرەوە یان بگەڕێنەوە.

پێشتر ئەم بڕیارە بەسەر خویندکارانى کچى لە بەشەناوخۆییەکانى دهۆک سەپێنرا بوو و کارى پێدەکرێت

مەردان ئەتروشی، بەریوبەری بەڕێوبەرایەتی بەشەناوخۆیی زانکۆی دهۆک بە 964ـى وت، بڕیارەکە لەوەوە سەرچاوەى گرتووە کە خوێندکارەکانى بەشەناوخۆیى زانکۆى دهۆک لە دەرەوە شارەوە بە مەبەستى خوێندن هاتوون نەک دەرچوون و گەڕان، پێشتر چەندین جار دواکەوتنیان هەبووە و لە دەرەوە توشى کێشە بوون.

جەختیش دەکاتەوە، لەمڕۆ بەدواوە قەدەغەیە لە دواى کاتژمێر 11ـى شەو لە بەشەناوخۆیى دەربچن.

بە وتەى مەردان ئەتروشى، هۆکارێکى دیکەى بڕیارەکە بۆ پارێزگاریکردنە لە ئەمنییەت و تەندروستى خوێندکارەکان، چونکە ئێستا خوێندکاران لە خولى دووەمى تاقیکردنەوەکاندان، وەک خۆى دەڵێت،”پێویست ناکات تا کاتێکى درەنگى شەو لە دەرەوەبن”.

هۆشدارىش دەدات کە هەر قوتابییەک پابەند نەبێت باجەکەى لێوەردەگیرێت و ئاگادار دەکرێتەوە، لە ئەگەرى دووبارەکردنەوەش لێپێچینەوەى لەگەڵدا دەکرێت و بڕیارى کۆتایى لەلایەن سەرۆکایەتى زانکۆى بۆ دەردەچێت لەبارەى دەرکردنى لە بەشە ناوخۆییەکە.

بڕیارەکە بۆ دوو مانگە و ساڵى داهاتوو گۆڕانکارى بەسەردادێت

وەک ئەوەى مەردان ئەتروشى روونى دەکاتەوە، بڕیارەکە کاتییە و بۆ دوو مانگە و تایبەتە بەو خوێندکارانەى کە ئیستا تاقیکردنەوەى خولى دووەم ئەنجام دەدەن، بەڵام ساڵى نوێ بە میکانیزمى نوێ بڕیار دەدەن کە رەنگە بڕیارەکە لە کاتژمێر 11ـەوە بکەن بە کاتژمێر 12ـى شەو.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

دروستکردنى پردەکەى بەشەناوخۆیى شەهید شەوکەت چى بەسەره...

دروستکردنى پردەکەى بەشەناوخۆیى شەهید شەوکەت چى بەسەرهات؟