نیویۆرک؛ ئەو شارەی نابێتە باگراوند و خۆی کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکانە
964+
توانا نەقی – نیویۆرک
کاتێک دێیتە سەر شەقامەکانی نیویۆرک، هەست دەکەی دەمێکە لێرە دەژیت؛ تاکسییە زەردەکان، پردی برۆکلین و تابلۆی میترۆکان بۆ کەسمان نامۆ نین، هۆکارەکەشی ئەو هەزاران فیلمەیە کە لێرە وێنەگیراون، ساڵانە تەنیا لەم شارەدا 20 هەزار رۆژی وێنەگرتن هەیە؛ واتە لە هەر چرکەیەکدا کامێرایەک لەسەر سووچێکی ئەم شارە کراوەتەوە.
لە فیلمی بەناوبانگی (Home Alone 2)، دۆناڵد ترەمپ کە ئەو کات تەنیا سەرمایەدارێک بوو، مەرجی دانا کە دەبێت خۆیشی لە دیمەنێکی هۆتێلەکەدا دەربکەوێت. کاتێک لە قۆناغی تێستدا خەڵک دیمەنەکەیان بینی و چەپڵەیان لێدا، دەرهێنەر بڕیاریدا بیهێڵێتەوە.
سینەما تەنیا ناوبانگی نەبەخشی بە شارەکە، بەڵکو لە داڕمانی ئابووریش رزگاری کرد، باڵەخانەی ئیمپایەر ستەیت لە قەیرانی ساڵی 1931دا ئۆفیسەکانی بە کرێ نەدەچوون و خەڵک بە گاڵتەوە پێیان دەوت “ئیمپتی ستەیت” (بینا خاڵییەکە)، بەڵام دوای دەرکەوتنی لە فیلمی (کینگ کۆنگ)، بووە یەکێک لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی جیهان و لە مایەپووچی ڕزگاری بوو.
لە کاتێکدا ستۆدیۆ گەورەکان لە لۆس ئەنجلۆسن، دەرهێنەرەکان ملیۆنان دۆلار لە قەرەباڵغیی نیویۆرکدا خەرج دەکەن؛ چونکە لێرە باڵەخانە و دیوارەکان سروشتین و وەک کاراکتەرێکی زیندوو دەردەکەون، نەک تەنیا باگراوند. هاوکات، شارەکە سیستەمێکی باجی تایبەتی هەیە کە 30%ی تێچووی بەرهەمهێنان بۆ کۆمپانیاکان دەگەڕێنێتەوە.
زۆرجار خەڵکی ئەم شارە چیرۆکی فیلمەکانیان لێ دەبێتە راستی. لە ساڵی 2012 و لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی (The Avengers)، کاتێک زرێپۆشەکان هاتنە سەر شەقامەکانی مەنهاتن و دەنگی تەقینەوە بیسترا، خەڵک وایانزانی کودەتا بووە و پۆلیس ناچار بوو دۆخەکە هێور بکاتەوە.