“نزیک گوندی لوبنانی بەدیلی شەقامی غەزالیە”
+964
عادل کانەبی
رۆژی یەکشەممە ، 22ی کانوونی دووەم، خاوەن چێشتخانە و کافێکانی شەقامی غەزالی لە هەولێر داواکارییەکیان ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت کرد، کە رێگە بگرێت لە تێکدانی شەقامەکە، کە بڕیارە بەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بکەوێت.
خاوەنی یەکێک لە پڕۆژەکان لە جادەی غەزالی کە نەیوسیت ناوی ئاشكرا بکرێت بە تۆڕی 964 ــی وت ”من نزیکەی ساڵێکە لە غەزالی پڕۆژەم هەیە، مانگانە نزیکەی 40 گەنج لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبێت، ئەگەر تێکبدرێت ئەوا 40 گەنج بێکار دەبن”.
جەختی لەوەشکردەوە، تا ئێستا بەرچاویان روون نییە کە چییان بەسەردێت، بەڵام خاوەنی پڕۆژەکە پێی راگەیاندوون، کە هەوڵدەدات غەزالی تێکنەدرێت و لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە.
ئایا شەقامی غەزالی دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی تر؟
لەبارەی بەدیلی شەقامی غەزالی، خاوەن پڕۆژەکە وتی ”تا ئێستا هیچ هەواڵێکی فەرمی نییە دەربارە ئەوەی پڕۆژەکە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی تر، بەڵام لێرە و لەوێ گوێمان لێدەبێت کە دوو شوێن وەک بەدیلی شەقام غەزالی دانراون و ئەوانیش، رێگەی هەولێر – مەسیف لە نێوان شەقامی 120 مەتری بۆ شەقامی 150 مەتری، و شوێنی دووەم دەکەوێتە سەر رێگای بەحرکە نزیک گوندی لوبنانی.
بۆ ئەم مەبەستە تۆڕی 964 پەیوەندی بە شارەوانی هەولێر کرد، بەڵام ئامادە نەبوون قسەی لەبارەوە بکەن.
شەقامی غەزالی نزیکەی 50 پڕۆژەی جیا جیا لە خۆ دەگرێت وەک قاوەخانە، چێشتخانەی کوردەواری و خواردنی خێرا و پێشانگای کاری دەستی و چەندینی تر.
بەپێێ وتەی خاوەن پڕۆژەکان لە شەوی سەری ساڵی 2023 زیاتر لە 10 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنەکەیان کردووە.