وێنەی یەکێک لە کەمپی ئاوارەکانی پارێزگای دهۆک - وێنە: 964
لیژنە پێکهات
پێداچوونەوە بۆ بڕیاری داخستنی كامپەكان دەكرێت
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیاری داخستنی کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت، بۆ ئەمەش لیژنەیەكی هاوبەشی كوردستان و عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان كاری لەسەر دەكەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 8.7.2024، رێبەر ئەحمەد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاكان ئاماژەی بەوە دا، بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ داخستنی کامپەکان، بێ راوێژ بووە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان و خودی ئاوارەکانیش.
وتیشی، ئەم كارە بووەتە جێگەی نیگەرانیی ئاوارە و پەنابەرانی دانیشتووی کەمپەکان.
بە قسەی وەزیری ناوخۆی كوردستان، حكومەتی هەرێم لەگەڵ گەڕانەوەی سەربەرزانە و ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی دانیشتووی کامپەکانە بۆ ناوچەکانیان، ئەمەشیان بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی کردووە.
رێبەر ئەحمەد وتی، لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان پێکدەهێندرێت بە مەبەستی پێداچوونەوە بە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە بارەی داخستنی کامپی ئاوارەکان، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکەش دوای ئاراستەکردنی نووسراوەکە بۆ نووسینگەی سوودانی دەرکراوە.
لە هەرێمی کوردستان 900 هەزار و 467 ئاوارە و پەنابەر لە ناو و دەرەوەی کامپەکان دەژین، لەو ژمارەیەدا 269 هەزار و 293یان پەنابەرن و لە وڵاتانی دیکەوە هاتوونەتە کوردستان، بەشێكیشیان لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی داعش لە 2014 هاتوونەتە هەرێم.