گەشتیارێک: بەتانی بێنن

لە تاڤگەیەکی دەڤەری پشدەر پلەی گەرما 17 یە

964+
محەمەد عەلی ــ پشدەر

پلەی گەرمی لە نزیک ئەم تاڤگەیە لە خوار 20 پلەی سیلیزی وەیە و بەرزی تاڤگەکە نزیکەی 50 مەتر دەبێت، گەشتیاران، لەگەڵ ئەوەی بە کەشەکەی دڵخۆشن، داوای پێگەیاندنی خزمەتگوزاریش دەکەن.

تاڤگەکە، تاڤگەی سولی دەوژانە لە دەڤەری پشدەر، تازە خۆی دەنوێنێ و خەڵک بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان سەردانی دەکەن.

جەلال محەمەد، بۆ بەسەر بردنی کاتێکی خۆش رووی لە سولی دەوژان کردووە و بە 964ـی وت، “یەکەم جارە بێم بۆ سولی دەوژان، شوێنێکی سەرنج راکێش و فێنک و دڵگیرە، ئەم لاو لای شاخەو لە ناو هەردوو شاخەکەدا تاڤگەیەکی بەرزی هەیە، وە شوێنێکی ساردە بەجۆرێک کەسێک شەو بمێنێتەوە لێرە، بەم هاوینە دەبێت جلی زستانە لەبەر بکات و بەتانی بهێنێت”.

گەشتیارەکە وتیشی، “رێگایەکەی خۆڵەو ناخۆشە، کارەباو توالێت و سەللەی خۆڵی نییە، داواکارە لە لایەنی پەیوەندیدار گرنگی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی سوودی زیاتری لێ ببینرێت و هاوڵاتییەکی زۆرتر بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی ناوچەکە بکەن”.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7.7.2024، موزەفەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی ئیسێوە بە 964ـی وت، “سولی  دەوژان، سەربە ناحیەی ئیسێوەیە، ناوچەیەکی گەشتیاری و گرنگە لامان، لە داهاتودا وەک خۆمان پلانمان هەیە، بیکەین بە کەرتێکی گشتی گەشتیاری، بە تەواوی خزمەتگوزارییەکانەوە”.

بەڕێوەبەری ناحیەکە ئەوەشی وت، “بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕینیش هاتووە کەشفیان بۆ کردووە لایان گونجاوەو گرنگە  لە بەرچاویان گرتووە، کە وەک کەرتی کشتوکاڵیش سوودی دەبێت و ناوچە گەشتیاریەکەش جوانتر و دڵگیرتر دەکات”.

تاڤگەی سولی دەوژان لەناحیەی ئیسێوە لە پشدەر، نزیکەی 50 مەتر بەرزییەکەیەتی، رێژەی پلەی گەرمی لە نزیک تاڤگەکە 17 بۆ 18 پلەی سیلیزییە، نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەڵادزێ وە دوورە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

ده‌نگۆیه‌ك ده‌یه‌وێت وێنه‌ى تاڤگەی (كانى به‌ست) له...

ده‌نگۆیه‌ك ده‌یه‌وێت وێنه‌ى تاڤگەی (كانى به‌ست) له‌سه‌ر دراوى عێراقی لاببات