هەمووان شایەتی خێریان بۆ دەدەن

هەرچی لە پرسەی خێزانەکەی لەتیف هەڵمەتدا بوو باسی خۆشەویستی ئەو دوو هاوسەرەیان دەکرد

964+

ئەحمەد محەمەد

هەرکەس لە پرسەی خێزانەی لەتیف هەڵمەت دەهاتە دەر باسی پەیوەندی نێوان ئەو دوو هاوسەرەیان دەکرد و دەیانوت چەندە یەکتریان خۆش ویستووە، پەیامنێری 964 لە سلێمانی لە پرسەکە ئامادەبوو قسەی لەگەڵ ئەو خەڵکە تەعزێبارە دەکرد.

مهاباد مستەفا پورزای خاتوو سورەییایەو دەیوت لەتیف هەڵمەت زۆر بۆ هاوسەرەکەی باش بوو، لەولاوە نەدا محەمەد خوشکەزای لەتیف هەڵمەت قسەکەی لێ وەرگرتەوەو وتی ”خاڵم 16 ساڵە خزمەتی خاڵۆژنم دەکات” جا نەوا ئەو دیمەنەی لەبیر ناچێت کە لەتیف هەڵمەت کاتی ماڵئاوایی ماچی قاچی هاوسەرەکەی کردووە.

سورەییا شێخ عەلی هاوسەری نووسەرو شاعیری کورد لەتیف هەڵمەت ئەمڕۆ پێنجشەممە 03.09.2026 لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە لە سلێمانی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.

لەناو ئەو کەسانەی بۆ پرسەکە هاتبوون پەخشان ئەبوبەکر هەبوو، ئەم ژنە کۆنە دراوسێی ماڵی لەتیف هەڵمەتەو تائێستا پێی لێ دانەبڕیون، خۆی چەند جارێک گوێی لێ بووە کە لەتیف هەڵمەت بە سورەییای وتووە یاخوا پێش تۆ بمرم.